پایتەخت

کەمال ڕەئووف پەیامێکی توند ئاراستەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەکات

کەمال ڕەئووف پەیامێکی توند ئاراستەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەکات
کورتە

جیاوازی مامەڵەی مام جەلال و سەرکردایەتی ئێستا لەگەڵ زیندانیان لە ڕوانگەی ڕۆژنامه‌نووسێكی دێرینه‌وه‌

کەمال ڕەئووف، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی هاووڵاتی بە بەراوردکردنی ڕابردووی شاخ (46 ساڵ لەمەوبەر) و ئەزموونی خۆی وەک سەرنووسەر (18 ساڵ لەمەوبەر) لەگەڵ دۆخی ئێستادا، شۆکبوونی خۆی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی دەردەبڕێت.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات، کە لە سەردەمی مام جەلالدا بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان دەکرا، بەڵام ئێستا لە ژێر سایەی یاسا و دروشمی مەدەنیەتدا، شێوازی ئەشکەنجەدانەکان هاوشێوەی سەردەمی بەعسیان لێهاتووە.

نووسەر داوا لە سەرکردایەتی یەکێتی (بافڵ و قوباد تاڵەبانی) و ڕۆشنبیرانی حزبەکە دەکات بێدەنگی بشکێنن، چونکە ئەم دۆخە خلۆربوونەوەیە بەرەو فاشیزم.

ده‌قی بڵاوكراوه‌:

برادەرانی یەكێتی ئەوە چی دەگوزەرێت!
چل و شەش ساڵ لەمەوبەر من پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووم، دەزانم و شاهیدی ئەوەم كە لە شەڕی خۆبەخۆ و براکوژیدا چی دەگوزەرا؛ دەزانم هەمیشە لە گرژییەكاندا هەندێك دەبوونە پاڵەوانی چیرۆكە ناشرینەكان و چەند دڵڕەقانە و ناشارستانییانە كارەكتەری كارە قێزەونەكانی ناو حزبە كوردییەكان دەبوون و چییان بەیەکتر دەكرد. هەندێك ڕووداوی ناخۆشی ئەو كاتە تا ئێستاش لە زاكیرەمدا ماوەتەوە و ویژدانم ئازار دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەڵوێست و پەرچەکردارە جوانانەشم بیر نەچووەتەوە كە بەردەوام لە بەرامبەر هەر كارێكی نەشیاو و ناشریندا حوزوورێكی بەهێزی هەبوو.
لە یەكێك لەو ڕووداوانە، هەڵوێستی دكتۆر هەژار مەعرووف بوو كە شوكر خۆی لە ژیاندا ماوە. سەرەتای ساڵانی هەشتاكان لە چوونی مەفرەزەیەك بۆ سلێمانی، لەوێ دەكەونە كەمینەوە و پێشمەرگەیەك بە برینداری جێدەمێنێت، مەفرەزەكە دەگەڕێنەوە و چەند دیلێكیشیان لەگەڵ خۆیان هێنایە دەرەوە. بەرپرسێك لە داخی پێشمەرگە ونبووەكە كە تا ئەو كاتە هیچ سۆراغێكی نەبوو، ئازاری یەكێك لە دیلەكانیدا، دكتۆر هەژار یەكسەر هاواری لێهەڵستا كە ناكرێت وا مامەڵە لەگەڵ دیلەكان بكرێت و بەرپرسەكەی ڕاگرت.
هەژدە ساڵ لەمەوبەر كە ئەو كات سەرنووسەری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووم، چەند كەسێك بە تۆمەتی تیرۆر و پەیوەندی بە ئیسلامی سیاسیی توندڕەوەوە دەستگیر كرابوون؛ سێ كەس لە گیراوەكان لە ئەورووپاوە گەڕابوونەوە، یەكێكی تریش لە كرێکاری لە ئێران و هاوسەرەكەشی لەگەڵ گیرابوو، یەكێكیان خاڵ و مامی شەهیدی یەكێتی بوو بەڵام بە هۆی لەیەکچوونی ناوەوە گیرابوو. هیچ كام لە گیراوەكان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ نەبووەوە، بەڵام لە زیندانی تاكەكەسیدا ڕاگرابوون و زۆر ئەشكەنجە درابوون؛ لە زینداندا لە زستاندا ئاویان كردبووە ژێریان و بێ دادگاییکردن زیاتر لە ساڵێك ڕاگرابوون.
دوای ئازادكردنیان بەمەرج، هەموویانم كۆكردەوە و لەسەر زمانی خۆیان ڕاپۆرتێكمان لەسەر چیرۆكە ناخهەژێنەكانی ڕۆژانی زیندانییان كرد. دوای چەند سەعاتێك لە بڵاوكردنەوەی، دۆستێكم كە ئێستاش لە ژیاندا ماوە تەلەفۆنی كرد و وتی: «ئەوەی بڵاوتكردووەتەوە گەر ڕاست بێت، دەبێت یەكێتی پاداشتت بكات، گەر هەڵبەستراویش بێت، هەقە بە توندترین شێوە سزا بدرێیت». بەداخەوە زانیارییەكان هەمووی ڕاست بوون، بابەتەكە وەك ئاگری ناو پووش لە ناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بە خێرایی بڵاوبووەوە و گەیشتە ڕەحمەتی مام جەلال، ئەویش داوای لە كاك عیماد ئەحمەد كردبوو كە ئەو كات جێگری سەرۆكی حكومەت بوو، لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بكات.
بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، ناچار خاوەنی چیرۆكەكانم بەیەکەوە بردە ئۆفیسی كاك عیماد كە ئەو كاتە لە تەنیشت چێشتخانەی شكار بوو، هەریەك لە زمانی خۆیەوە چیرۆكەكەی بۆ كاك عیماد گێڕایەوە، دواتر یەكێتی بڕیاریدا قەرەبوو بكرێنەوە. فەترەیەك دوای ئەوە، حاكم قادر كە ئەو كات بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش بوو ناردی بەدوامدا، دەرگای زیندانەكانی ئاسایش و كانی گۆمەی بۆ كردمەوە تا بیسەلمێنێت كە زیندانی تاكەكەسییان نەماوە.
من كە نە لایەنگری لالەزارم و نە دۆست و ناسیاوی حەمەڕەشم، نە دوور و نزیك هێمن هادی دەناسم، بەڵام چیرۆك و بەسەرهاتەكانی ئەوان تووشی نائومێدییەكی گەورەی كردم؛ نائومێدی بەوەی كە لە سلێمانی و لە زیندانەكانی لای یەكێتیدا چی دەگوزەرێت! ئێستا بە بیستنی ئەو ڕووداوانە دۆش داماوم بەدیار بیرەوەرییەكانی ڕابردوومەوە، چونكە وامدەزانی ئەوانە تێپەڕیون و لە گۆڕمان ناون و نایانبینینەوە؛ ئاخر جاران لە شاخ و لە ناو شەڕدا و لە سەردەمێكی تردا دەكرێت چاوپۆشی لە هەندێك ڕووداو بكرێت، بەڵام ناكرێت لە ناو سلێمانیدا و لە حوزووری دادگا و یاسا و ئەو هەموو بەڵێن و فەنتازیای مەدەنیبوون و مرۆڤدۆستییەدا، بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ گیراوێكدا بكرێت كە تاوانەكەی تەنها ڕزگاركردنی برایەكی بێت لە مردن.
ئەم ڕووداوانە لێکۆڵینەوەی وردی دەوێت، پێویستە سزادانی ئەوانە بدرێت كە بەو كارانە هەستاون تا هەڵەكە ڕاست دەكرێتەوە، ئەوە سەنگی مەحەكی یەكێتییە وەك حزبێكی سۆسیال دیموكرات و ئیمتحانێكی گەورەی هەموو ئەو یەكێتییە دڵسۆزانەیە كە باس لە مافی مرۆڤ دەكەن. ئەركی ئەخلاقیی ڕۆشنبیرەكان و ئەكادیمیستەكانی ناو یەكێتییە دەنگ هەڵبڕن، ناكرێت لەسەر ڕووداوگەلێكی لەو شێوەیە بێدەنگ بن، ناكرێت ئەم ڕووداوە بێ هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی تێپەڕێت.
من نازانم كاك بافڵ و كاك قوباد تا چەندە ئاگاداری ئەو ڕووداوانەن، خۆ گەر ئاگادار نەبن زۆر خراپە، گەر ئاگاداریش بن ئەوا كارەساتە و خراپترە؛ چونكە ئەمە خلۆربوونەوەیەكی خێرای مەترسیداری ئەو حزبەیە بەرەو فاشیەت، ئەمە خاڵیكردنەوەی ناوەڕۆكی دروشمەكانی حزبەكە و سەرەتایەكی مەترسیداری ڕۆچوونیشە بۆ ناو توونێلێكی تاریكتر كە ئەو سەری دەمانگەیەنێتەوە بە مامەڵەی حزبی بەعس لەگەڵ زیندانیان و دەستگیركراوەكانی سەردەمی تاریكی.

 

19 ئایار 2026 16:31
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026