کارە قێزەونەکەی ڕاهێنەرێک لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە
تەمەنیان تەنیا 17 ساڵ بوو! هۆکاری دوورخرانەوەی ڕاهێنەری یانەی سلۆڤاکۆی چیکی پۆلێنی خانمان ئاشکرا بوو.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپای یوفا توندترین سزای بەسەر "پیتەر ڤلاچۆڤسکی" ڕاهێنەری یانەی سلۆڤاکۆی چیکی پۆلێنی خانماندا سەپاند، دوای ئەوەی سەلمێنرا کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بە دزییەوە وێنە و ڤیدیۆی کچە یاریزانەکانی لە ژووری خۆگۆڕین و خۆشوشتندا گرتووە.
ڕووداوەکە سەرەتای ئەمساڵ ئاشکرا بوو، دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە، "پیتەر ڤلاچۆڤسکی" ڕاهێنەری تۆمەتبار، کامێرای چاودێریی لە شوێنی شاراوەی ناو ژووری کچە یاریزانەکان داناوە، لە کاتێکدا بەشێک لەو کچانە تەمەنیان لە خوار تەمەنی یاساییەوە بووە و بچووکترینیان تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بووە، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڤلاچۆڤسکی بە نهێنی وێنەی 14 یاریزانی گرتووە.
دوای ئاشکرا بوونی ئابڕووچوونەکە، دادگای چیک سەرەتا سزای یەک ساڵ زیندانیکردن و پێنج ساڵ قەدەغەکردنی کارکردنی بەسەر ڕاهێنەرەکەدا سەپاند، بەڵام بەهۆی مەترسی و گەورەیی تاوانەکەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا یوفا بڕیاری کۆتایی خۆی دا و ڕاهێنەرەکەی بۆ هەمیشە لە هەر چالاكییەکی وەرزشی سڕ کرد، لە هەمان کاتدا، یوفا داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی فیفا کردووە کە مۆڵەتی نێودەوڵەتیی ڕاهێنەرایەتی لەو کەسە وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانێت لە هیچ وڵاتێکی دیکەی جیهان کار بکات.
ئەم ئابڕووچوونە کاریگەریی دەروونیی قورسی لەسەر کچە یاریزانەکان جێهێشتووە، بەشێک لەوان بەبێ ئاشکراکردنی ناویان بۆ میدیاکانی چیک دواون و ڕایانگەیاندووە: "دوای ئەم ڕووداوە، تووشی ترسی بەردەوام و دڵەڕاوکێ بووینەتەوە، تەنانەت لە ماڵەوەش بە شەوان ناتوانین بە ئارامی بخەوین و لە شوێنە گشتییەکانیشدا هەمیشە دەترسین کەسێک بە دزییەوە وێنەمان بگرێت."
لە ئێستادا سەندیکای جیهانیی یاریزانانی پیشەگەر "FIFPRO" هاتووەتە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەی قووڵتر لە دۆسیەکە دەکات، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پاراستنی مافی یاریزانەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە جیهانی وەرزشدا.