پایتەخت

نیویۆرک تایمز: ترەمپ لە ترسی هێزی ئێران هێرشەکانی دواخست

نیویۆرک تایمز: ترەمپ لە ترسی هێزی ئێران هێرشەکانی دواخست
کورتە

ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هۆکاری دواخستنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بەدرۆ دەخاتەوە.

لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ، ئێران توانیویەتی لە ماوەی ئاگربەستدا توانا مووشەکییەکانی یەکبخاتەوە و ترس و گومان بخاتە نێو دڵی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا.

ئەمڕۆ سێشەممە، نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە ماوەی ئاگربەستدا، ئێران توانیویەتی وێستگە و بنکە مووشەکییەکانی ڕێکبخاتەوە، کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئامانج گیرابوون. ئێران توانیوویەتی ئەشکەوتی نوێ بۆ پرۆگرامە مووشەکییەکی دروست بکات و مووشەکە بالیستییەکانی بگوزێتەوە.

ئەم ئەشکەوتانە لە بەردی گرانایتن و زۆر زەحمەتە ئەمریکا بتوانێت لەناویان ببات، بۆیە فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە ناچاری دەرچە و دەروازەکانی چوونە ژوورەی بنکەکانیان لە نێو ئەم ئەشکەوتانە کردووەتە ئامانج، بۆیە نەیتوانتوانیوە ئەشکەوتەکان بڕووخێنن.

جگە لەمانەش، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، فەرماندەکانی ئێران بە هەماهەنگی ڕووسیا، شێوازی و ڕیتمی هێرشە فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکایان خوێندووە و دەزانن چۆن و لە چ کاتێک هێرش دەکەن. بۆ نموونە، تێکشکاندی فرۆکەی جەنگی F-15ـی ئەمریکا لە مانگی ڕابردوو و کردنە ئامانجی فرۆکەیەکی F-35 دەریدەخەن، کە هێرشەکانی ئەمریکا "پێشبینیکراو" بوون و ئەمەش یارمەتی ئێرانی داوا ئاسانتر بەرگری بکات.

بەرپرسێكی ئەمریکا هۆشداری دا کە سەرەڕای ئەوەی لە کاتی جەنگەکە ئەمریکا گورزێکی بەهێزی لە ئێران دا و چەندین سەرکردەی باڵای لێ کوشتن، بەڵام ئەم هێرشانە ئێرانی بەهێزتر و خۆڕاگرتر کردووە. بەشێکی زۆری شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک و بنکەکانیان گواستووەتەوە و بڕوایان وایە، کە دەتوانن بە سەرکەوتووی دژی هێزەکانی ئەمریکا بووەستنەوە، جا بە داخستنی گەرووی هورمز بێت، بە بەئامانجگرتنی وێستگەکانی وزەی وڵاتانی دراوسێ بێت، یان بە هەڕەشەکردن لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا بێت.

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروست سۆشیاڵ ڕایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتانی پاکستان، سعودییە و ئیماڕات وادەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دواخست، کە بە گوتەی خۆی، بڕیاربوو ئەمڕۆ 19-5-2026 دەستپێبکەنەوە، ئەمەش بەمەبەستی "دانوستان و ڕێککەوتن."

19 ئایار 2026 14:08
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026