گهرمیان؛ گۆڕانکاریی گەورە لە ڕێکارە ئەمنییەکان
هەڵمەتێکی فراوان بۆ بنبڕکردنی چەکی بێمۆڵەت لە گەرمیان دەستپێدەکات.
ئیدارەی گەرمیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخی ئەمنی و بنبڕکردنی پێشێلکارییە یاساییەکان، ڕێنماییەکی نوێی لە 14 خاڵدا دەرکرد.
ئهمڕۆ جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە کۆنفرانسێکدا به ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە ئارام و سەقامگیرە، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان، ڕێکاری توند دەگرنەبەر. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەی دەستگیرکردن کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، دەستپێدەکات.
هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا، هێزە ئەمنییەکان سەرجەم ئەو کەسانە دەستگیر دەکەن کە لە کافتریا، چێشتخانە و شوێنە گشتییەکاندا سەرپێچی دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی پشێوی. سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیش، ئاسایشی گەرمیان بڕیاریداوە کۆدی تایبەتیان بۆ دروست بکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سەرپێچییەکان و دۆزینەوەیان لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا، دوا مۆڵەتیش بۆ ئەم پرۆسەیە ڕۆژی 27ـی ئەم مانگە دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی گەرمیان جەختی لە توندکردنەوەی ڕێکارەکانی دژی ڕاوکردنی ئاژەڵی کێوی کردەوە لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی پۆلیسی دارستان و ژینگە، هاوکات پلانی هەیە بۆ هاوکاریکردنی جووتیاران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی دروێنەدا.