مەسرور بارزانی و ئەمینداری یەکگرتوو كۆبوونهوه
لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی باڵا؛ پەرلەمان دەبێتەوە بە چەقی بڕیارەکان؟
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەلاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد و پرسی کاراکردنەوەی دامەزراوە یاساییەکان تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەیان بوو.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دواین پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرا. هەردوولا بە بایەخەوە جەختیان لە گرنگیی کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکان کردەوە، وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی و پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری ناوخۆی هەرێم و تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی.
ئەم جەختکردنەوەیەی سەرۆکوەزیران و ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا هەوڵە سیاسییەکان بۆ گەڕانەوەی پرسه یاساییهكان بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان دەستیان پێکردووە.
پرۆسەی پەککەوتنی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە: دوای چەندین جار دواخستن، دواجار لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ههروهها لە 2ی کانوونی یەکەمی 2024دا، یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەم ئەنجامدرا و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.
سەرەڕای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، بەهۆی تەمووح و مەرجی بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و ململانێی سیاسی، پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە هیچ دانیشتنێکی تری ئاسایی ئەنجام بدات. لەم ماوەیەدا چەندین جار هەوڵی کۆبوونەوە و ڕێککەوتن دراوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان پەکخران و پرۆسەی یاسادانان پەککەوتووە.