پایتەخت

ئەشکەنجەدان تا لێواری مردن بەهۆی کۆدی مۆبایلێکەوە!

ئەشکەنجەدان تا لێواری مردن بەهۆی کۆدی مۆبایلێکەوە!
کورتە

هێمن هادیە سوور وردەکاریی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە ئاشکرا دەکات

یەکێک لە دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار، لە لێدوانێکی تایبەتدا وردەکاریی دۆسیەی دەستگیرکردن و ئەو ئەشکەنجە توندە دەروونی و جەستەیییەی ئاشکرا کرد کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە لە دوای دەستبەسەرکردنی لاهور تاڵەبانی ڕووبەڕووی بووەتەوە.


لەسەر ناسنامەی سیاسی دەستگیر نەکراوم

 

ئه‌مڕۆ هێمن هادیە سوور، یەکێک لە دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لاله‌زار ڕایگه‌یاند، پرۆسەی دەستگیرکردنەکەی بە شێوازێکی نامرۆڤانە و لە لایەن هێزێکی دەزگای هەواڵگرییەوە بە چوار ئۆتۆمبێل لە بازگەی ئاسایشی مێرگەپان جێبەجێ کراوە.

 

هه‌روه‌ها گوتی: لە ژیانمدا بە فەرمی کارم لە هیچ لایەنێکی سیاسییدا نەکردووە. کاتی دەستگیرکردنەکەشم من لە ئۆتۆمبێلی مەلا بەختیاردا بووم و بە میوانی چووبوومە لای، چونکە هاوڕێم بووە.


سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکەش، هێمن هادیە ڕوونی کردەوە کە دەستبەسەرکردنی پەیوەندی بە بابەتێکی خێزانییەوە هەبووە، چونکە هاوژین هادیه‌ سووری برای لە کاتی ڕووداوەکەی لالەزاردا لە ماڵی لاهور تاڵەبانی بووە.


ئەشکەنجەدان تا لێواری مردن

 

بە پێی گوتەکانی ناوبراو، لە ژێر دەستبەسەریدا ڕووبەڕووی تۆمەتی (ماددەی 2ی تیرۆر) بووەتەوە و هۆکاری سەرەکیی قورسکردنی ئەشکەنجەدانەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئامادە نەبووە کۆدی مۆبایلەکەی بۆ هێزە ئەمنییەکان بکاتەوە.


هێمن هادیە سوور لەبارەی جۆری ئەشکەنجەکانەوە ئاشكرای كرد، بە بۆری، کاره‌با و کەلەپچە لێیان دەدام و زەختێکی زۆریان دەخستە سەر شانم تا دەربچێت. بە لەقە دەهاتنە سەر زگم، بە جۆرێک تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووم و دواتر نەشتەرگەریم بۆ کرا. هەروەها ئێسکی پەراسووم، قاچێک و شەویلگەم شکێندران.


بەڵێننامەی بێدەنگبوون

 

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هێمن هادیە سوور باسی له‌وه‌ كرد ماوەی 49 ڕۆژ لە ژێر دەستبەسەریدا ماوەتەوە و پاش ئازادکردنیشی، لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەڵێننامەی فەرمی پێ پڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی هیچ جۆرە قسە و لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە و وردەکارییەکانی دەستگیرکردنەکەی بۆ میدیاکان نەدرکێنێت.

18 ئایار 2026 12:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026