تاران و واشنتن؛ شهڕ بهڕێوهیه
تاران و واشنتن لە لێواری تەقینەوە؛ کێ یەکەمجار شەڕەکە دەستپێدەکات؟
بەرپرسانی تاران و واشنتن هەڕەشە لە یەکتر دەکەن و لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە لووتکە؛ کاتێک ئەمریکا هەڕەشەی لێدانی سەربازی دەکات، ئێران جەخت لەسەر بەردەوامیی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکاتەوە و هەردوو وڵاتەکەش نایانەوێت سازش لەسەر مەرجەکانیان بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی ئاژانسی ئەکسیۆسەوە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کردووە و دەڵێت: ئەگەر پێشنیازی باشتر بۆ ڕێککەوتن نەکەن، ڕووبەڕووی لێدانێکی کوشندە دەبنەوە و بژاردەی سەربازیش گەڕاوەتەوە سەر مێز.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە سووربوونی ئێران لەسەر نەکشانەوە لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، وای کردووە ترەمپ ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کۆببێتەوە.
هەرچی ئێرانە، لە ڕێگەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کردووە و ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی کار لەسەر میکانیزمی نوێ دەکات بۆ تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا و سازش لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات.
بەقایی ئامادەبوونی سوپای ئەمریکای لە ناوچەکەدا بە سەرچاوەی ناسەقامگیری وەسف کرد و داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد متمانەی ئەمنی ناوخۆیی دروست بکەن. هاوكات ئاماژەی بەوەش داوە، سکاڵای یاساییان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و لایەنی ناوبژیوان دژ بە تاوانەکانی ئەمریکا تۆمار کردووە.