بهغدا؛ سەرۆکی پەرلەمان لادەبرێت؟
کورسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەلەرزێت؛ سیناریۆ نوێیەکە چییە؟
بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ لەناو پەرلەمانی عێراق سەریهەڵداوە کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان، هەیبەت حەلبووسییە.
ئهمڕۆ سعوود ساعدی، ئەندامی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیانوایە کێشەی سەرەکی لە شێوازی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان خۆیدایە. بەهۆی ئەم دۆخەوە، لە ئێستادا بژاردەی لادانی هەیبەت حەلبووسی وەک ئەولەوییەتێکی سیاسی لە قۆناغی داهاتوودا تاوتوێ دەکرێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەو کێشە یاساییانە دێت کە لە دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی ڕوویاندا. لەو دانیشتنەدا پێشێلکاری لە پرۆسەی ژماردنی دەنگی پەرلەمانتاران کرا و لایەنە سیاسییەکانیش پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبوون کە بۆ دەنگدان بە کاندیدەکانی یەکتر دابوویان، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانی قووڵ لەلایەن هێزە جیاوازەکانی شیعە، کورد و سوننە.
ئەم هاوپەیمانییە نوێیەی کە کار بۆ ئەم گۆڕانکارییە دەکات، پێشبینی دەکرێت لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و چەند هێزێکی سیاسی دیکە لەخۆ بگرێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانیش بەشداری تێدا بکەن، بەشێوەیەک کە پشتگیری زیاتر لە 140 پەرلەمانتار بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان مسۆگەر بکات.