پایتەخت

وەزارەتی تەندروستی جۆرە شیرێکی منداڵانی قەدەغە کرد

وەزارەتی تەندروستی جۆرە شیرێکی منداڵانی قەدەغە کرد
کورتە

جۆرە شیرێکی چینیی تایبەت بە منداڵان کە لە بازاڕەکاندا بڵاوبووەتەوە قەدەغە کرا


 
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و لیژنەکانی قایمقامییەتی ئاگادار کردووەتەوە کە بە زووترین کات دەست بە هەڵمەتێکی بەربڵاو بکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی جۆرە شیرێکی چینیی تایبەت بە منداڵان کە لە بازاڕەکاندا بڵاوبووەتەوە.


 
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، ئەم جۆرە شیرە چینییە کە بە ناوی ئۆپتیلاک (Optilac)  لە بازاڕەکاندایە، لە پشکنینەکانی پێوەری کوالیتی کۆنتڕۆڵ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرنەچووە، وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە ئەم بەرهەمە هیچ جۆرە تایبەتمەندییەکی تەندروستیی تێدا نییە و گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان.


 
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکوومەتی عێراق بەپێی یاسا، هاوردەکردن و هاتنەناوەوەی سەرجەم بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وڵاتی چین، لەگەڵ هەموو ئەو جۆرە خۆراکانەی کە شیری چینییان تێدا بەکارهاتووە، بە تەواوی قەدەغە کردووە.


 
لە کۆتایی نووسراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر کردووە کە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی لیژنەکانی قایمقامییەت، بە زوویی تەواوی ئەو جۆرە شیرە لە کۆگا و بازاڕەکاندا کۆبکەنەوە و دەستی بەسەردا بگرن، هەروەها داواش کراوە دوای تەواوبوونی هەڵمەتەکە، بە ڕاپۆرتێکی فەرمی وەزارەت لە ئەنجامی ڕێکارەکان ئاگادار بکەنەوە.

17 ئایار 2026 19:13
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026