ڕووسیا ڤاکسینی دژە شێرپەنجەی دۆزیەوە
ڕووسیا بە داهێنانێکی نوێی تەندروستی جیهان شۆک دەکات.
لە هەنگاوێکی نوێی جیهانی پزیشکیدا و دوای مانگێک لە تاقیکردنەوەی ڤاکسینێکی نوێی دژە شێرپەنجە لەسەر نەخۆشێک، ناوەندە زانستییەکانی ڕووسیا ئەنجامە سەرەتایییەکانیان ڕاگەیاند، کە نیشانی دەدەن ڤاکسینەکە سەرکەوتووانە سیستمی بەرگریی جەستەی هانداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خانە شێرپەنجەیییەکان.
ئەلێکساندەر گینزبورگ، بەڕێوەبەری سەنتەری گەمالیا و ئەکادیمیای زانستەکان لە ڕووسیا، ئاشکرای کرد کە ڤاکسینەکە ناوی "Neoonkovak"، سەبارەت بە شێوازی کارکردنیشی ڕوونی کردەوە، ئەم ڤاکسینە کار لەسەر هاندانی خانە ئاگادارکەرەوەکانی جەستە دەکات، بەمەش سیستمی بەرگری بەهێز دەبێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆنترۆڵی خانە شێرپەنجەیییەکان بکات و لەناویان ببات، گینزبورگ ئاماژەی بەوەش کرد کە دەکرێت ئەم ڤاکسینە لە داهاتوودا وەک ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە بەکار بهێنرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ڕووسیا، پێشبینی دەکرێت دوای تەواوبوونی سەرجەم قۆناغەکانی تاقیکردنەوە، ئەم ڤاکسینە بخرێتە نێو خشتەی کوتانە خۆڕاییەکانی وڵاتەکەوە، بەمەش ڕووسیا دەبێتە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە بە فەرمی بەکاری بهێنێت.
ئاندرێ کاپرین، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی پزیشکی تیشک لە وەزارەتی تەندروستیی ڕووسیا، زانیاری زیاتری خستەڕوو و ڕایگەیاند، ڤاکسینەکە بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای (mRNA) بەرهەمهێنراوە، کاپرین جەختی کردەوە کە ڤاکسینەکە بە تەواوی سەلامەتە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ماوەی ساڵانی 2025 و 2026 ¬دا دەکەوێتە بازاڕەوە و بەردەست دەبێت بۆ بەکارهێنان.