عەزیز ئەحمەد: هەولێر یەکەم شاری عێراقە کە کێشەی ئاو و کارەبای نییە

کورتە
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم جەخت لە یارمەتیدانی سەرانسەری عێراق لەلایەن هەرێم دەکاتەوە
عەزیز ئەحمەد: هەولێر یەکەم شاری عێراقە کە کێشەی ئاو و کارەبای نییە
دوای کردنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو لە هەولێر، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێشکەوتنی هەولێر و راکێشانی دەستی یارمەتی بۆ سەرانسەری عێراق کردەوە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردەوە، ئێستا هەولێر خاوەنی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێرییە و وە یەکەم شاری عێراقە کە کێشەی ئاو و کارەبای نییە.
لە درێژەی بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، ئێستا دانیشتووانی شاری هەولێر چێژ لە هەبوونی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری دەبینن، چ وانەیەک لە ئەزموونی شارەکە فێر بین؟ با دەرگای گفتوگۆ بکەینەوە و هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی خوشک و براکانمان لە سەرانسەری عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، 21-7-2025، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی بۆ هەولێر کردەوە، کە لە ڕێگەیەوە کێشەی کەمئاوی بۆ 30 ساڵی دیکە چارەسەر دەبێت.