پایتەخت

تەنیا 700 مەترە بەڵام کێشەی گەورەی دروست کرد؛ چی بەسەر میترۆکەی بەغدادا هات؟

تەنیا 700 مەترە بەڵام کێشەی گەورەی دروست کرد؛ چی بەسەر میترۆکەی بەغدادا هات؟
کورتە

میترۆکەی شەقامی ڕەشید لە بەغدا خۆی کێشا بە وێستگەکەیدا

 ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پڕۆژە گەشتیارییە نوێیەکەی بەغدا لە شەقامی ڕەشیدی بەغداتووشی پێکدادان بوو، میترۆ گەشتیارییە بەناوبانگەکەی ئەم شەقامە کە بووەتە یەکێک لە نیشانە دیارەکانی ڕاکێشانی گەشتیاران لە بەغدا، بەهۆی لەکارکەوتنی لەناکاوی سیستمی وەستاندن (برێک)، کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە یەکێک لە وێستگەکانی چاوەڕوانی سەرنشیناندا کێشا.


 
ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ترامەکە بەرەو وێستگەکە ڕۆیشتووە، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە برێکەکەیدا نەتوانراوە لە کاتی خۆیدا ڕابگیرێت و بە توندی کێشراوە بە دەرگای شوێنی چاوەڕوانییەکەدا، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی یان برینداری لێنەکەوتووەتەوە و زیانەکان تەنیا لە تێکشکانی ڕووکاری دەرەوەی وێستگەکەدا کورت بوونەتەوە.


 
دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەم ڕووداوە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە و شەپۆلێک لە ڕەخنە و کاردانەوەی بەکارهێنەرانی بەدوای خۆیدا هێنا، زۆربەی هاووڵاتیان پرسیاری باری سەلامەتیی پڕۆژەکەیان کردووە و دەڵێن: "چۆن دەبێت پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە لە ناو جەرگەی شەقامێکی هێندە قەرەباڵغدا، سیستمی سەلامەتییەکەی بەو شێوەیە بێت؟" بەشێکی دیکە لە بەکارهێنەران داوای لێپرسینەوەیان کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە کوالێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ئاست ئەو بودجە و پارە زۆرەدا بێت کە بۆیان تەرخان دەکرێت.
 


ئەم هێڵە گەشتیارییە لە ئێستادا درێژییەکەی 700 مەترە و بە درێژایی شەقامی ڕەشید کار دەکات، پڕۆژەکە لە دوو وێستگەی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە "ساحەی مەیدان" و "ساحەی ڕەسافی"، بەڵام پلان وایە لە داهاتوودا هێڵەکە تا چێشتخانەی تورکی درێژبکرێتەوە، بەوەش ڕێڕەوەکە دەبێتە زیاتر لە چوار کیلۆمەتر.

16 ئایار 2026 19:05
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026