عومەر عەنایەت: لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ترەمپ تۆمار دەکەم
عومەر عەنایەت دۆناڵد ترەمپ دەداتە دادگا؛ نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆشکی سپی دەکرێت
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوێکی یاسایی و سیاسیی دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو ناڕەزایەتیی توندی خۆی بەرامبەر بە لێدوانە بەردەوامەکانی ترەمپ دەربڕی کە تێیدا گەلی کوردی بە بردنی چەک تۆمەتبار کردبوو.
ئەمڕۆ شەممە عومەر عەنایەت، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کە نامەیەکی فەرمی بە زمانی ئینگلیزی ئامادە کردووە و بڕیارە لە ڕێگەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر یان کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاراستەی دۆناڵد ترەمپی بکات، لە نامەکەدا داوای ڕوونکردنەوەی فەرمی و دەستبەجێ دەکرێت لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کورد کراون و بە مەبەستی پاککردنەوەی پەرێزی گەلی کورد لە هەر جۆرە تۆمەتێکی لەو شێوەیە.
عومەر عەنایەت لە ڕاگەیاندراوەکەدا گووتی: "ئێمەی کورد ١٠٠ ساڵە خەبات دەکەین، لە مێژوودا زۆر ناوی جۆراوجۆرمان لێنراوە وەک تێکدەر یان ڕێگر، بەڵام هیچ کاتێک و لە هیچ قۆناغێکدا پێمان نەگوتراوە دز، ئەمە سێیەمین جارە ترەمپ کورد بە بردنی چەک تۆمەتبار دەکات، ئەمەش بریندارکردنی ڕاستەوخۆی شکۆی گەلی کوردە."
ئەو پەرلەمانتارە پێشووە جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە وەڵامێکی ئەرێنی و ڕوونکەرەوەی پێنەگات ڕێکاری یاسایی توند دەگرێتەبەر، سەرەتا سکاڵای یاسایی لە دادگاکانی هەولێر، سلێمانی یان بەغدا تۆمار دەکات، لە حاڵەتی پێویستیشدا کەیسەکە دەباتە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای (هۆڵەندا) سکاڵا دژی ترەمپ تۆمار دەکات.
سەبارەت بە پشتیوانیی هاووڵاتیانیش، عەنایەت ئاشکرای کرد کە دوای ڕاگەیاندنی هەڵوێستەکەی، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان پەیوەندییان پێوە کردووە بۆ کۆکردنەوەی واژۆ و پشتیوانیکردنی کەیسەکە، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت وەک نوێنەرێکی دڵسۆز خۆی بە تەنیا ئەم ئەرکە نیشتمانییە بگرێتە ئەستۆ و دەنگی گەلی کورد بگەیەنێت.
سەرەڕای ئەوەی کە دادگای نێودەوڵەتیی لاهای یان دادگای دادی نێودەوڵەتی، خاوەن یاسا و ڕێسایەکی توندن و زیاتر تایبەتن بە ململانێی نێوان دەوڵەتان، تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید، بەڵام لە ڕووی سیاسی و میدیاییەوە ئەم هەنگاوەی عومەر عەنایەت وەک کاردانەوەیەکی ناوخۆیی بەهێز و دەنگدانەوەیەکی فرەڕەهەند بەرامبەر بە گوتارەکانی واشنتن سەیر دەکرێت.