پایتەخت

سەرۆک بارزانی: یەکتر قبووڵکردن بووەتە کولتوور لە هەرێمی کوردستان

سەرۆک بارزانی: یەکتر قبووڵکردن بووەتە کولتوور لە هەرێمی کوردستان
کورتە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کۆبوویەوە و هەردوولا جەختیان لە پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەرۆک بارزانی جەخت لە پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، کە بووەتە کولتوور و کوردستانیان شانازی پێوە دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە سەرۆک بارزانی، پێشوازی لە مەتڕان میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەو دیدارەدا باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی ڤاتیکانی گەیاندە، سەرۆک بارزانی و خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە کاتی تەنگانەدا بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکانی دیکەی عێراق دا هاتن و دەرگاکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ کردنەوە و پاڵپشت و هاوکاریان بوون بە تایبەت بۆ کریستیانەکان.

لە دیدارەکە دا باڵیۆزی نوێی ڤاتیکان، دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەو فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و پێکهاتەکان هەست بە ئاسوودەیی و ئاسایش دەکەن و درێژە بە ژیانیان دەدەن.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لە پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە، کە بووەتە کولتوور و کوردستانیان شانازی پێوە دەکەن، ئاماژەی بەوەدا هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەم کولتوورە بەردەوامبێت و پەرەی پێ بدرێت.

سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بە بێ جیاوازی، لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهید و برینداربوون بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکە بەبێ جیاوازی.

16 ئایار 2026 16:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026