عەزیز رەئووف: کوڕانی تاڵەبانی سلێمانییان ئەتک کرد
بە لەخستنی پیاوەتی، حەمە ڕەش سلێمانی ئەتککراوە
حەمە ڕەش لە پیاوەتی خراوە و نووسرێکی دیاری سلێمانی ئاماژە بە ئەتککردنی سلێمانی دەدات و دەڵێت: "ئەم شارە بێدەنگە و دۆش داماوە بەدەست ئەم هەموو ساختەچییەوە".
عەزیز رەئوف، نووسەر و کەسایەتی دیاری سلێمانی بڵاویکردەوە: "بەڵێ سلێمانی ئەتککرا، ئەم گوزارشتە بۆ خەڵکی سلێمانی نییە، بەڵکو بۆ ئەو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و چالاکوان و پاتاڵانەیە کە بە دەنگی سلێمانی بوون بە خاوەنی سەروەت و سامان و ئیستاش ڕەخنە لە من دەگرن کە گوایە من هێرش دەکەمە سەر سلێمانی".
عەزیز رەئوف ئاماژە بەوانەی سلێمانییان ئەتکردووە دەکات:
- یەکێتی نوێ و کوڕانی بنەماڵە، کە سەرخان و ژێرخانی ئەم شارەیان داگیرکردووە و شار دەکەنە سەربازگە و سزای زیندانییەکان دەدەن
- گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، کە دوای خۆی سەدان دۆنم زەوی و کارگەی بۆ منداڵەکانی جێهێشت و هیچی لە دنیای ئێمە نەگۆڕی.
- نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید کە فێڵیان لە خەڵک کرد و خۆیان کردەوە بە ماڵە نوێیەکەی یەکێتیدا.
- ئەو ئۆپۆزسیۆنە ساختەیەی بە ئاشکرا جاشی شیعەکانە و لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەرهەرێم ورتەیان لێوە نەهات.
- ئەو حزبە ئیسلامییانەی کە شار وەک یەک پارچە لە ژن و پارە دەبینن و هەر یەکەیان ئەجێندای وڵاتێکن.
- پارێزگاری سلێمانی کە 250 هەزار دەنگی خەڵکی سلێمانی برد و ئیستاش ستایشی یەکێتی دەکات.
- دەریایەک لە ڕۆژنامەنوسی دەربار و چاودێری ساختە و ڕۆشنبیری قەڵەمفرۆش کە ئەوەی بە تەنگیەوە نایەن سلێمانی و ناوبانگ و سومعەکەیەتی.
- ئەو قومارچی و موزیعانەی کە بە نەڕەنەڕ، دەیانوت دەیگۆڕین و بوونە پارلەمانتار و لە قومارخانەکاندا خۆی و کەرامەتیی لە قوماردا دەدۆڕان ئیستا لە دەرەوەی وڵات پارەی خانەنشینی پارلەمان دەخۆن و دەیانەوێت لەسەر سلێمانی مافی پەنابەری وەربگرن. (دەبوو قەت بەم حەدە نەبوایە بۆ دنیا پەلەی مەخلوق).
عەزیز ڕەئوف دەڵێت: "بەڵێ ئەم شارە بێدەنگە و دۆش داماوە بەدەست ئەم هەموو ساختەچییەوە، ئەم شارە دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر نەبێتە زیندەوەری تاقیگە و هەرکەسێک بێت و بەناوی ئۆپۆزسیۆن و چاودیر و ڕۆشنبیر و تەماحی پارلەمانتارییەوە فێڵی لێ بکات".
ڕۆژی پێنجشەممە حەمە ڕەش، یەکێک لە شاهێدەکانی لالەزار لە نێو دادگای دووی سلێمانی ئاشکرای کرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە پیاوەتی خراوە، تەنانەت دانی شکێندراوە و سەر و پشتی تەقەڵە.