دوای دادگاییکردنەکە چی لەناو زیندانی ئاسایش ڕوویدا؟
"چیتر دادوەر نابیننەوە"؛ هەڕەشە نوێیەکەی ناو زیندانەکانی سلێمانی
دوای ئەوەی لە دادگای دووی سلێمانی پرۆسەی دادگاییکردنی 12 دەستگیرکراوی ڕووداوەکەی لالەزار بەڕێوەچوو، ئاسایشی سلێمانی دووبارە ئەو گیراوانەی ئەشکەنجە دایەوە کە لەبەردەم دادوەردا شێوازی ئەشکەنجەدان و نهێنییەکانی ژووری زیندانیان ئاشکرا کردبوو.
لە کاتی دانیشتنەکەدا، حەمەڕەش، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان و پاسەوانی تایبەتی ڕێبوار حامی حاجی غالی لەبەردەم دادوەردا ڕایگەیاند کە لەژێر ئەشکەنجەی توندی هێزە ئەمنییەکاندا پشتی شکێندراوە و لە پیاوەتی خراوە، بەو هۆیەشەوە لەژێر فشاردا دانپێدانانی پێکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوای گەڕانەوەی حەمەڕەش بۆ زیندانی ئاسایشی سلێمانی، بەهۆی ئەو قسانەی لەبەردەم دادوەردا کردبوونی، دووبارە بە توندی ئەشکەنجە دراوەتەوە.
پایتهخت زانیویهتی، زۆرینەی دەستگیرکراوانی لالەزار دوای ئەوەی لەبەردەم دادوەردا قسەیان کردووە، لەلایەن ئاسایشەوە ئەشکەنجە دراونەتەوە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکراوە کە چیتر دادوەر نابیننەوە.
بهپێی زانیارییهكان، كوڕێكی گهنج بەناوی 'ڕەگەز' کە خزمی نزیکی موحسین خۆشناوە (پاسەوانی پێشووی جەلال تاڵەبانی و پاسەوانی تایبەتی لاهور تاڵەبانی)، لە ڕۆژی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانیدا ئامادە بووە، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و تا ئێوارە ئەشکەنجە دراوە؛ دواتر بەو مەرجەی چیتر نەچێتەوە بەردەم دادگا، ئازاد کراوە.