ڕۆبێرتۆ کارلۆس بۆمبێک لە ناو مەدرید دەتەقێنێتەوە: "مۆرینیۆ نا، کڵۆپ فریادڕەسی ڕیالە"
ڕۆبێرتۆ کارلۆسۆ سەبارەت بە گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ ڕیال مەدرید ناڕەزیی دەربڕی
دوای ئەوەی ئیکەر کاسیاس، گۆڵپارێزی پێشووی ڕیال مەدرید ڕاشکاوانە دژایەتی خۆی بۆ گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەربڕی، ئێستا ئەفسانەیەکی دیکەی یانەکە هاتووەتە دەنگ.
ڕۆبێرتۆ کارلۆس بەرگریکاری مێژوویی بەرازیل و ڕیال مەدرید، لە ناوەندەکانی یانەی شاهانەدا بۆمبێکی میدیایی تەقاندەوە و بە فەرمی داوای لە فلۆرێنتینۆ پێرێز کرد کە گرێبەست لەگەڵ یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی واژۆ بکات.
لێدوانە نوێیەکانی ڕۆبێرتۆ کارلۆس سەبارەت بە داهاتووی ڕاهێنەرایەتی مێرینگێ، مشتومڕێکی گەورەی لە ناو هاندەران و میدیاکانی ئیسپانیادا دروست کردووە، بەتایبەت کە یانەکە پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ لە دۆخێکی چاوەڕوانی و بنبەستدایە، کارلۆس ئاشکرای کرد کە مۆرینیۆ، سەرەڕای مێژووە مەزنەکەی لەگەڵ ڕیال و توانای بەرگەکردنی گوشارەکان، چیتر بژاردەیەکی گونجاو نییە بۆ ئەم قۆناغەی یانەکە.
ئەم ئەفسانە بەرازیلییە جەختی لەوە کردەوە کە ڕیال مەدرید پێویستی بە پڕۆژەیەکی هونەریی نوێیە، کە لەسەر بنەمای تۆپی پێی هێرشبەری هاوچەرخ و کەسایەتییەکی داینامیکی بەهێز بونیاد بنرێت، بۆ ئەم ئەرکەش یۆرگن کڵۆپ بە تاکە ناوی نموونەیی دەزانێت.
کارلۆس لەمبارەیەوە گوتی: "ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە ئەزموونێکی بێوێنەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەستێرە گەنجەکان و دووبارە بنیادنانەوەی تیپەکاندا هەیە، کڵۆپ خاوەنی هەموو ئەو بنەمایانەیە کە یانەی شاهانە ئێستا پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بۆ چەندین ساڵ کۆنترۆڵی پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و ئەورووپییەکان بکات و هەیبەتی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا بەدەستبهێنێتەوە."
ئەم لێدوانە توندانەی کارلۆس و کاسیاسی لە کاتێکدا دێن کە پێشبینییەکان لەناو یانەی شاهانەدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت دوای وەرزێکی پڕ لە گوشار و ڕەخنە کە هاندەرانی ناچار کردووە داوای بڕیاری خێرا و یەکلاکەرەوە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز بکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و هیوا بۆ پێکهاتەی گالاکتیکۆس.