مامۆستای حەمە ڕەش: ئاخر بۆ لە پیاوەتیتان خست؟!
مامۆستایەکی حەمە ڕەش، ئەو شاهێدەی لالەزار کە یەکێتی ئەشکەنجەی دا هاتە دەنگ و ڕەخنەی تووند دەگرێت.
دوای ئەشکەنجە دان و لە پیاوەتی خستنی حەمە ڕەش، مامۆستایەکی قوتابخانەی دەڵێت: "گریانم بۆی هات لە پای چی لە پیاوەتیتان خستووە".
حەمە ڕەش، پاسەوانی تایبەتی ڕێبواری حامی حاجی غالی و یەکێک لە گیراوانی لالەزار، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە پیاوەتی خرا و لە دادگای دووی سلێمانی ئەو بابەتەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.
ڕێبوار محەممەد، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی حەمە ڕەش بڵاویکردەوە: "ئەم حەمە ڕەشەش هیچی لە شەهید حەمە ڕەش کەمتر نەبوو، قوتابی خۆم بوو، دوای ئەوەش وازی لە قوتابخانە هێنا لە هەندێک شوێن ئەمبینی، زۆر کەسابەتی تاقیکردەوە ئەتوانم بڵێم یەکەم دەستگێڕی گۆرەوی فرۆشتن ئەو بوو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق".
ڕێبوار محەممەد ئەوەشی خستەڕوو: "حەمە ڕەش چەندین کەسابەتی تری تاقیکردەوە تا ئەوەی لە دەست گێڕی بێزار و ماندوو بوو توانای کڕینی عەرەبانەیەکی نەبوو".
ئەو مامۆستایەی حەمە ڕەش باسی لەوە کرد: "زۆر جاران لای سەرا و چایەخانەکانی ناوبازاڕ سوتفەم ئەکرد، گومانم نەبوو بۆتە چەکدار و لە هێزێک لەو کۆمەڵە هێزەی هەیە دەوام ئەکات".
لە کۆتایی نووسینەکەی ڕێبوار محەممەد ڕەخنە لە پیاوەتی خستنی حەمە ڕەش دەگرێت: "بەڵام بە داخەوە دوا جار بەو شێوەیە بینیم کە گریانی بۆ هێنام، ئاخر بۆ؟؟ لە پای چی؟؟".
ڕۆژی پێنجشەممە برازاکانی جەلال تاڵەبانی و 12 گیراوی دیکەی لالەزار لە دادگای دووی سلێمانی دادگایی کران، حەمە ڕەش، یەکێک لە شاهێدەکانی لالەزار ئاشکرای کردووە، کە لە کاتی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە پیاوەتی خراوە، پشتی شکێندراوە هەروەها بۆ ئەوەی ئەم ئەشکەنجەیە نەبینێتەوە هەرچیان پێ گوتووە گووتوویەتی وایە.