ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە لە وەزارەتی داراییەوە
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، سبەینێ مووچەی مانگی چواری مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت.
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت و وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، سبەی یەک شەممە 17-5-2026 مووچەی مانگی نیسانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی دا هاتووە، هەر لە هەمان ڕۆژ مووچەی مانگی نیسانی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت، کە لەدوای 1-7-2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون، کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئەمە لە کاتێدایە، چوار ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیاند، بڕی (961,736,000,000) ملیار دینار وەکو تەمویلی مووچەی مانگی چوار خرایە سەر هەژماری بانکییان.