یەکەم پەیامی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق
عەلی زەیدی پەیامی چاکسازی، گەڕانەوەی سەروەری عێراق و سەقامگیری ناوچەکە بە هاووڵاتییان دەدات.
عەلی زەیدی یەکەم پەیامی خۆی دوای دەستبەکار بوونی بڵاوکردەوە و چەندین بەڵێنی جیاوازی دا.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "بەڵێن دەدەین کە داهاتوو، قۆناغی هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، بە دڵسۆزییەوە کاردەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگیی و ئالنگارییەکان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە کەرتەکانی دارایی و ئابووری وڵات کرد و جەختی کردەوە، دەستپێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیری چاکسازی ئابووری و دارایی لە پێشەنگی ئەولەوییەتەکانی حکومەتە، کار بۆ باشترکردنی سەرجەم کەرتەکان لە ئاو، کارەبا و تەندروستی، کار و بنبڕکردنی بێکاری دەکەن.
عەلی زەیدی ئاماژەی بە پێگەی هاووڵاتییان دا و گووتی: "هاووڵاتییان شایەنی ژیانێکی باشترن، ئەمجارە حکومەت دەبێتە حکومەتی یاسا، دادپەروەری و بە ڕووی هەموواندا کراوە دەبێت، گوێ لە هاووڵاتییان دەگیرێت و حکومەت باوەڕی بەوە هەیە، کە هێزی دەوڵەت لە متمانەی گەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەبارەی سەقامگیری دۆخی ناوچەکە، عەلی زەیدی گووتی: "عێراق زۆر ئارامی گرت و شایەنی ئەوەیە هەڵبستێتەوە، کاردەکەین بۆ چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و پاراستنی سەروەری عێراق، پتەوکردنی پەیوەندییە عەرەبی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش، بە شێوەیەک کە پێگە و ڕۆڵی مێژوویی عێراق لە ناوچەکە بپارێزێت.
پەیامەکەی عەلی زەیدی لەکاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مەڕاسیمێکدا ناوبراو و محەممەد شیاع سوودانی دەستاودەستی دەسەڵاتییان کرد و عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، دەستبەکار بوو.