پایتەخت

وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشە لە بارسێلۆنا دەکات؛ لامین یامال چی کردووە؟

وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشە لە بارسێلۆنا دەکات؛ لامین یامال چی کردووە؟
کورتە

یسرائیل کاتس، ڕەخنەی توندی ئاراستەی لامین یامال ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا کرد

 

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕەخنەی توندی ئاراستەی لامین یامال ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا کرد، ئەم هێرشەی کاتس دوای ئەوە دێت کە لامین یامال لە کاتی ئاهەنگەکانی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا لالیگا بە ئاڵای فەڵەستینەوە لەسەر پاسی کراوەی یانەکەی دەرکەوت.

 

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  X  بڵاویکردەوە، کە ئەم ڕەفتارەی یاریزانە تەمەن ١٨ ساڵانەکە بە واتای "هەڵبژاردنی دوژمنایەتی و ڕق و کینە" دێت دژی ئیسرائیل، کاتس ئاماژەی بەوە کرد کە سەربازەکانیان لە جەنگێکی سەختدان و بردنەسەری ئاڵای فەڵەستین لەم کاتەدا بە کارێکی نائەخلاقی و نادروست وەسف کرد.

 

کاتس لە پەیامەکەیدا تەنها بە هێرشکردنە سەر یاریزانەکە نەوەستا، بەڵکو هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا کرد،  داوای لێکردن کە هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت و ڕێگە نەدەن یانەکەیان ببێتە سەکۆیەک بۆ پشتگیریکردنی ئەو لایەنانەی کە ئەو بە "تیرۆریست" ناوی بردن.

 

لەسەر ئاستی وەرزشی، ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروستبوونی دوو بەرەی جیاواز لە نێوان ڕاهێنەرە گەورەکاندا، هانز فلیک ڕاهێنەری بارسێلۆنا، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر ڕەفتارەکەی یاریزانەکەی دەربڕی، بەڵام لە بەرامبەردا پێپ گواردیۆلا ڕاهێنەری مانچێستەر سیتی، پشتگیری تەواوی بۆ یامال دەربڕی و کارەکەی بە جێگەی شانازی ناوبرد، تاوەکو ئێستا یانەی بارسێلۆنا بە فەرمی هیچ وەڵامێکی بۆ وەزیری بەرگری ئیسرائیل نەبووە.

14 ئایار 2026 23:43
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026