سێ دەفتەر دۆلاری دزی و دەستگیرکرا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕووداوێكی دزی گەورەی ئاشکرا کرد و تۆمەتبارەکەی دەستگیرکرد.
لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە لەناو بازاڕی سلێمانی بڕی سێ دەفتەر دۆلاری ئەمریکی لە هاووڵاتییەک دزی بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نەهێشتنی تاوان توانیویانە کەسێک دەستگیر بکەن، کە بڕی 30 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە هاووڵاتییەک دزیبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی پۆلیسی سلێمانی، ڕێکارە یاساییەکان دوای ئەوە دەستیان پێکردووە کە هاووڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ سکاڵای تۆمارکردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، لەناو بازاڕی شاری سلێمانی زەرفێکی پارەی لێدزراوە کە بڕی سێ دەفتەر دۆلاری تێدابووە.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە کامێراکانی چاودێری و لێکۆڵینەوەی ورد، شوێنی تۆمەتبارەکەیان دەستنیشان کرد و لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا دەستگیریان کرد، لە کاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر بڕی 25 هەزار و 350 دۆلاردا گیراوە کە لەوێدا شاردبوویەوە.
تۆمەتبارەکە بە ناوی (ک، ئ، ب) لەدایکبووی ساڵی 1987ـە. لە ئێستادا بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیدا بەردەوامە.