شەڕ لە نێوان سوپای پاسداران و سوپای کوێت ڕوویدا
ئێران بۆیەکەمجار لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا، لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە هەوڵی بڕینی خاکی وڵاتێکی دراوسێی دا.
لە پێشهاتێکی نوێدا، ئێران هێرشی سەربازی کردووەتە سەر کوێت و چوار سەربازی سوپای پاسداران دەستبەسەر کران.
ئاژانسی هەواڵی کونای کوێت لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەوە ڕایگەیاند، چوار سەربازی سوپای پاسداران لە ڕێگەی بەلەمی ڕاوکردنی ماسییەوە هەوڵیان داوە بچنە نێو خاکی کوێت و لە ڕێگەدا ڕووبەڕووی سەربازانی کوێت بوونەوتەوە، یەکێکیان برینداربووە، دواتر هەر چواریان دەستبەسەرکراون.
چوار سەربازەکەی سوپای پاسداران دانیان بەوە ناوە کە سوپا فەرمانی پێکردوون بچنە نێو دوورگەی 'بوبیان'ـی کوێت (کە شوێنێکی بازرگانی و لۆجیستیکە) تا "کردەوەی دوژمنانە دژی کوێت" ئەنجام بدەن. ئەگەر ئەم دانپێدانانە ڕاست بن، ئەمە دەبێتە یەکەم هەوڵی ئێران بۆ بڕینی خاکی وڵاتانی دراوسێ لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە.
لەلای خۆیەوە، ئێران ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئێران ئەم دەنگۆ و تۆمەتانە بە "بێ بنەما" ناودەبات و داوا دەکات، باڵیۆزی ئێران لە کوێت چاوی بە چوار سەربازەکەی سوپای پاسداران بکەوێت.
بەگوێرەی هەواڵەکەی ئێران، ئەم چوار سەربازەی سوپای پاسداران ئەندامی پاسەوانی کەنار بوونە و "هاتووچۆی ڕۆتینییان" لە ناوچەکە ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی "تێکچوونی سیستەمی ڕێنوێنیی" چوونەتە نێو خاکی کوێت.