ئەفسەرێکی باڵای بەعس داوای چۆڵکردنی دەیان خانووی کورد دەکات
بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان تەنگیان بە دانیشتووانی 25 خانوو لە کەرکووک هەڵچنیوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە فشارە ئەمنییەکان بۆ سەر دانیشتووانی گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکووک دەستیان پێکردووەتەوە، بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان تەنگیان بە دانیشتووانی 25 خانوو هەڵچنیوە و داوایان لێ دەکەن بەپەلە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمەش بەهۆی کێشەیەکی یاسایی کە ڕەگەکەی بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە.
کێشەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە ئەفسەرێکی باڵای پێشووی سوپای عێراق بە ناوی سەعد حەمۆ کە پلەکەی فەریقی یەکەمی ئەرکان بووە، خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو زەوییانە دەزانێت، ئەو ئەفسەرە کە لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبدا ئەو زەوییانەی لەلایەن حکومەتی بەعسەوە پێ دراوە، لە ئێستادا لە ڕێگەی دادگاوە داوای زەوییەکان دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە وەکالەت ڕاکان جبووری تاپۆی ئەو زەوییانەی بۆ نوێ کردووەتەوە.
دانیشتووانی گەڕەکەکە جەخت دەکەنەوە کە نیشتەجێبوونی ئەوان یاساییە و ئەو زەوییانە بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک وەک قەرەبووی ماددەی 140 پێیان دراوە، ئەوان دەڵێن: "ئێمە بێگانە نین و ئەم زەوییانە مافی خۆمانە، بەڵام ئێستا بەهۆی بڕیارە سیاسییەکانەوە هەڕەشەی ئاوارەبوونمان لەسەرە."
ئەم کێشەیە تەنها پەنجا عەلی نەگرتووەتەوە، بەڵکو دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بەشێکی زۆر لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک ڕووبەڕووی هەمان مەترسی بوونەتەوە و پرسی خاوەندارێتی زەوی وەک کارتێکی فشار دژی کوردانی شارەکە بەکاردەهێنرێت.