سازگار فەریق: ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە پەرلەمان کارابکرێتەوە؟
فشارەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان چڕتر دەبنەوە
دوای تێپەڕبوونی 18 مانگ بەسەر پەککەوتنی دامەزراوەی یاسادانان، فشارەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان چڕتر دەبنەوە و پەرلەمانتاران جەخت دەکەنەوە کە پەرلەمان نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێ و ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی دەسەڵات.
ئەمڕۆ سێشەممە، سازگارعەبدوڵڵا پەرلەمانتاری هەڵوێست ڕایگەیاند، ماوەی 18 مانگە پەرلەمان پەکخراوە بەهۆکاری ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی دەسەڵات، لە کاتێکدا پەرلەمان دەزگایەکی شەرعی و دەستوورییە و نابێت بخرێتە ناو ململانێی سیاسییەوە.
سازگار عەبدوڵڵا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، " ئێمەی پەرلەمانتار نوێنەری خەڵکین و داوامان لێ کردوون دەنگمان پێبدەن، تا لە پەرلەمانەوە شەڕی مافەکانیان بکەین و نوێنەریان بین، نەک بێدەنگ دانیشین و دەست بگرین بەکڵاوەکەی خۆمانەوە".
پەرلەمانتارەکەی هەڵوێست ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بێ هەڵوێستییەی لایەنەکان پێویستە کۆتایی بێت، گووتیشی، "ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە؟.