خانەنشینانی هەولێر ئاگادار بن؛ شوێنی وەرگرتنی مووچەکانتان گۆڕا
بڕیاری یەکخستنی دوو بانک لە سنووری پارێزگای هەولێر درا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی دامەزراندنی "بانکی نیشتمان" و جێبەجێکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیاری یەکخستنی دوو بانکی لە سنووری پارێزگای هەولێر دا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان ڕایگەیاند، بڕیاردراوە بە یەکخستنی بانکی حەمرین لەگەڵ بانکی بنەسڵاوە، بەپێی ئەم بڕیارە سەرجەم مامەڵە و کارە کارگێڕییەکانی بانکی حەمرین بۆ بانکی بنەسڵاوە دەگوازرێنەوە.
وەزارەتی دارایی ئاگاداری سەرجەم ئەو خانەنشینانە دەکاتەوە کە پێشتر لە بانکی حەمرین مووچەیان وەرگرتووە، لەم مانگەوە شایستە داراییەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ بانکی بنەسڵاوە، خانەنشینان دەتوانن بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی نیسان، ڕاستەوخۆ سەردانی بانکی بنەسڵاوە بکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یەکخستنە بەشێکە لە قۆناغە کۆتاییەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان، یەکێک لە داواکارییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کەمکردنەوەی ژمارەی بانکەکان بووە لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو پڕۆسەی هەماهەنگی دارایی لەگەڵ بەغدا ئاسانتر بێت.