هاووڵاتییەک بەر لەوەی غاز وەربگرێت گیانی لەدەستدا
پۆلیسی گەرمیان گیان لەدەستانی هاووڵاتییەکی لە نۆرەی وەرگرتنی غازی ماڵان ڕاگەیاند.
هاووڵاتییەکی شاری کەلار لە کاتی وەرگرتنی نۆرەی غاز گیانی لەدەستدا، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە عەقید سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هاووڵاتییەک بەناوی (علی حەمە امین قادر) لەدایکبووی 1970، دانیشتووی کەلاری کۆن لە قەزای کەلار لەسەرەی وەرگرتنی غاز گیانی لەدەستدا.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە دا، لەئێستادا بەمەبەستی توێکاری و هۆکاری گیانی لەدەستدانی تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.
عەقید سۆران حەمە غەریب ڕوونیکردەوە، کەسوکارەکەی سکاڵایان تۆمار کردوە، بۆیە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 411 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فرۆشیاری غازەکە دەرچووە.