شۆفێران لەسەر فڕێدانی زبڵ و خاشاک سزا دەدرێن
سزایەكی نوێ رووبەرووی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە كە برەكەی 40 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم بڕیارێکی نوێی سزادان و سەرپێچی بڵاوکردەوە و هۆشداری بە شۆفێران دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ ئاگادارییەکی هاتووچۆی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، بۆ پاراستنی ژینگە و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی کوردستان، قەدەغەیە شۆفێر یان سەرنشین، لە کاتی رۆیشتن یان وەستانی ئۆتۆمبێل، هەر جۆرە زبڵ و خاشاکێک فڕێ بداتە سەر شەقام، بە پێچەوانەوە، بە بڕی 40 هەزار دینار سزای دارایی بۆ هەر سەرپێچیەک بۆ ئۆتۆمبێل/ یان ماتۆڕسکیل ڕەوانە دەکرێت کە سەرپێچییەکەی تێدا ئەنجام دراوە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ دا هاتووە، ئەم سزایە بۆ هەموو سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی وەکو PDA و کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی و چاودێری زیاد دەکرێت، هاوکات دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری هاتووچۆ بۆ سەپاندنی ئەو سزایە ڕاستەوخۆ لە کاتی بینینی، یان لەو کاتەی بە ڤیدیۆی تۆمارکراو لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ پلاتفۆرمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ ڕەوانە دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە شۆفێران دەکەن هاوکاری پاراستنی ژینگە بکەن و خۆیان لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک بپارێزن، هەروەها هاوکار بن لە ئاگادار کردنەوەی پۆلیسی هاتوچۆ لە سەرپێچیکاران بە ناردنی ڤیدیۆ و وێنە.