وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیماڕات بە نهێنی هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئێران
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ زانیاری نەبیستراو لەسەر چالاکییە نهێنییەکانی ئیماڕات لە جەنگی ئیران ئاشکرا دەکات.
ئیماڕات زیاتر لە هەموو وڵاتانی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، بە نهێنی وەڵامی ئێرانی داوەتەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای کردووە، ئیماڕات بە نهێنی چەندین هێرشی دژی ئێران ئەنجامداوە، بەمەش ئێستا پێگەیەکی وەک "شەڕکەری" لەم جەنگەدا هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتی جەنگدا بەردەوام لەلایەن ئێرانەوە دەکرایە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم ڕۆژنامەیە، ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەرەتای مانگی چوار ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئیماڕات پاڵاوگەیەکی لە دوورگەی 'لاڤان'ـی ئێرانی کردبووە ئامانج. هێرشەکە بووە هۆی دروستبووونی ئاگرێکی گەورە و بەشی هەرەزۆری پاڵاوگەکە لەکار کەوت. ئیماڕات بە هیچ شێوەەیەک ئاماژەی بەم هێرشانە نەکردبوو و بەرپرسیارەتی هەڵنەگرتووە.
ئێران لە وەڵامدا، ئاماژەی بە بەئامانجگرتنی پاڵاوگەکەیان لە لایەن "هێرشێکی دوژمنکارانە" کرد و ژمارەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی کردە سەر ئیماڕات و کوێت. لە سەرەتای جەنگی ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل لە 28-2-2026 تا ئێستا ئیماڕات زیاتر لە 2,800 جار لەلایەن ئێران بە ئامانج گیراوە، بەمەش بەراوردە بە وڵاتانی کەنداو و تەنانەت ئیسرائیلیش، لە هەمووان زیاتر بووەتە ئامانجی ئەم جەنگە.