پایتەخت

شەڕی مانەوە و لەناوبردنی زمانی کوردی لە حەسەکە

شەڕی مانەوە و لەناوبردنی زمانی کوردی لە حەسەکە
کورتە

سەرەڕای ئەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە فەرمی زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی وڵات ناساندووە، دووبارە کێشە لەسەر دروست دەبێتەوە.

شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی بوونەتەوە، دوای ئەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمیی باڵەخانەی دادی حەسەکە لادرا و کاردانەوەی توندی جەماوەریی لە شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ و کۆبانێ لێکەوتەوە و خۆپێشاندەران تابلۆ نوێیەکەیان هێنایە خوارەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا ڕایگەیاند، کە باڵەخانەی داد هێمای سەروەریی دەوڵەتە و بەپێی دەستووری ئێستا تەنیا زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی وڵاتە و هەر گۆڕانکارییەک، لەم بوارەدا دەبێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بێت.

لە بەرامبەردا لایەنی کوردی پشت بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە (3)ی ساڵی 2025 دەبەستن کە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەرچووە و تێیدا زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناسێنراوە، کوردان داوا دەکەن ئەم ناساندنە تەنیا لەسەر کاغەز نەمێنێتەوە و لە فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندندا جێبەجێ بکرێت.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، کە هەسەدە و دیمەشق لە قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکخستنەوەی دامەزراوەکاندان، پرسی زمان ئێستا وەک گەورەترین بەربەست لەبەردەم تێکەڵکردنەوەی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەردەکەوێت، لە کاتێکدا کوردان خوێندن و مامەڵەی فەرمی بە زمانی کوردی وەک هێڵی سوور دەبینن.

11 ئایار 2026 15:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026