پایتەخت

مەزڵووم عەبدی دەچێتە تورکیا

مەزڵووم عەبدی دەچێتە تورکیا
کورتە

مەزڵووم عەبدی سەردانی تورکیا دەکات و لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستەسەر چەندین بابەتی جیاواز، وەک پەکەکە، بەشار ئەسەد، داعش، ئازادکردنی کۆبانێ و هتد.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا پەردەی لەسەر کۆمەڵێک زانیاریی نەبیستراوی ساڵانی شەڕی سووریا لادا. ئەو باسی دیدارەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد، شەڕی کۆبانێ و رۆڵی هێزە کوردییەکان و هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی داعش، ئاسۆیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا و لایەنە هەرێمییەکان خستەڕوو.
 
 
دیداری مەزڵوم عەبدی لەگەڵ بەشار ئەسەد:

مەزڵوم عەبدی ئاشکرای کرد، کە دووجار چاوی بە بەشار ئەسەد کەوتووە و ئامۆژگاری کردووە ڕێگەچارەی سیاسی بگرێتەبەر، عەبدی پێشنیاری گۆڕینی ناوی دەوڵەتی بۆ بەشار ئەسەد کردووە لە (کۆماری عەرەبیی سووریا)وە بۆ (کۆماری سووریا)، بە ئامانجی ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام ئەسەد بە عەقڵیەتێکی "عەرەبچێتی" ڕەتی کردووەتەوە. عەبدی دەڵێت: "پێمان ڕاگەیاند کە هەرگیز ناتوانێت عەرەبچێتی بەسەر کورددا بسەپێنێت، بەڵام ئەو هیچ نەدەهاتە پێش." گووتیشی: "بەشار ئەسەد بەهۆی لووتبەرزییەوە دەرفەتەکانی بۆ چارەسەری سیاسی لە دەستداوە و تەنانەت گوێی لە هاوپەیمانە نێودەولەتییەکانیشی نەگرتووە.
 
پەیوەندی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح:

مەزڵوم عەبدی پەردەی لەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی مێژوویی لادا و گوتی: "دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، دوای پەیوەندییەکی یەک کاتژمێری لەگەڵ ئەسەد، پێی ڕاگەیاندم کە هیچ ئومێدێک بە گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەکانی ئەسەد دا نییە."
 
 
گرتنی هەزاران سەربازی سووریا بە دیل:

فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لە قۆناغە سەختەکانی شەڕ کرد و ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان توانیویانە هەزاران سەربازی سوپای سووریا بەدیل بگرن، بەڵام دواتر هەموویانیان ئازاد کردووە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگەیان نەداوە ئێران پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات و ئەو هێزە خێڵەکییانەیان لە ناوچەکە دەرکردووە کە تاران هەوڵی دروستکردنی دەدان.
 
ڕۆڵی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان:

مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، یەکەمین پردی پەیوەندییان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی هەولێر و سلێمانییەوە بنیادنراوە، سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەبیش باسی لەوە کرد کە پەیوەندییان بە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکە، بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ پۆستێکی سیادی لە حکومەتی داهاتووی سووریادا وەربگرێت، چونکە یەکڕیزیی کورد و دۆزی ڕۆژئاڤا لای ئەو لە هەموو پۆستێک گرنگترە.
 
ئازادکردنی کۆبانێ و عەفرین:

مەزڵووم عەبدی وردەکاریی ئازادکردنی ناوچە کوردییەکان لە ساڵی 2012 دەگێڕێتەوە دەڵێت: " بەهۆی هەڕەشەی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی ڕژێم بە بۆردوومانکردنی کۆبانێ و عەفرین، هێرشەکەمان دەستپێکرد و تا بەرەبەیان شارەکەمان بە تەواوی کۆنترۆڵ کرد." یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم پڕۆسەیە ئەوە بووە کە هیچ دڵۆپە خوێنێک نەرژاوە و سوپای سووریا بێ بەرگری خۆیان ڕادەست کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە، هەموو بەرپرس و سەربازانی ڕژێمیان لای خۆیان هێشتووەتەوە، بەڵام نەک وەک دیل، بەڵکو وەک "میوان". گوتیشی: "ئێمە سەرباز و بەرپرسەکانمان ڕادەستی ڕژێم نەکردەوە، بەڵکو پەیوەندیمان بە خێزانەکانیانەوە کرد و ڕادەستی ئەوانمان کردنەوە، تاوەکو دڵنیابین لەوەی گیانیان پارێزراو دەبێت."
 
 شەڕی داعش لە کۆبانێ:
 
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، یەکەم شکستی داعش لە سووریا و عێراق لە شوباتی 2014 لە شارۆچکەی جەزعە لە سەر دەستی ئەوان بووە. سەبارەت بە گەمارۆی کۆبانێش، عەبدی ئاشکرای کرد: "داعش پەیامی بۆ ناردین کە بەیعەتیان پێ بدەین و ئەوان ئامادەن 'ویلایەتێکی کوردی' رابگەیێنن و رێگە بدەن بە کوردی قسە بکەین، بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە. دوای ئەوە لە چوار قۆڵەوە هێرشیان کردە سەرمان."
 
 
پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلان:

مەزڵووم  عەبدی سەبارەت بە پەکەکە گوتی: "ئەو کاتە تەنیا پارتی و بارزانییەکان لە باشوور و پەکەکە لە باکوور وەک مەرجەعی سیاسی و سەربازی هەبوون. پەیوەندیی باشم لەگەڵ سەرۆکی پەکەکە هەبوو؛ لە سەرەتای هەشتاکاندا سووریا لانکەی پەکەکە بوو و زۆربەی گەریلاکان لە رێگەی کۆبانێوە دەڕۆیشتن. لەگەڵ ئۆجەلان پەیوەندیی خێزانیمان هەبوو و ئەو ماوەیەک لە کۆبانێ لە ماڵی ئێمە مایەوە."
 
 
پەیوەندی لەگەڵ تورکیا:

مەزڵوم عەبدی باسی لەوە کرد کە لەگەڵ تورکیا جۆرە ئاگربەستێکی نافەرمی لە نێوانیاندا هەیە کە بەرهەمی پرۆسەی ئاشتییە لە ناوخۆی تورکیا، هەروەها مەزڵوم عەبدی گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا لە چوارچێوەی ئەمنییەوە بگۆڕین بۆ سیاسی، و دووریش نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی تورکیا بکەم."

11 ئایار 2026 14:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026