پایتەخت

سەرهەنگ فەرەج بۆ قوباد تاڵەبانی: کەناڵێکتان داخستووە و خەڵاتی رۆژنامەنووسانیش دەکەیت!

سەرهەنگ فەرەج بۆ قوباد تاڵەبانی: کەناڵێکتان داخستووە و خەڵاتی رۆژنامەنووسانیش دەکەیت!
کورتە

سەرهەنگ فەرەج، پەرلەمانتاری پێشووتری بزووتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتدارانی شارەکە بە تێکدانی ژینگەی سلێمانی تۆمەتبار دەکات.

سەرهەنگ فەرەج، پەرلەمانتاری پێشووتری بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکی تونددا هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی سلێمانی و بەتایبەتی قوباد تاڵەبانی و دەڵێت: "ئەوان بوونەتە بارێکی ئێجگار قورس بەسەر شاری سلێمانی و خەڵک و مێژووەکەی."

سەرهەنگ فەرەج لە نووسینەکەیدا کە ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی کردووە، رەخنەی توند لە دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە سلێمانی دەگرێت و دەڵێت: "کەناڵێکی ئاسمانی هەر لە ئێستادا لە سلێمانی داخراوە (کەناڵی زووم)، کەچی تۆ خەڵاتی بەناو ڕۆژنامەنووس دەکەیت؟!"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەی قوباد تاڵەبانی دا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان "فەلاقە کراون و ڕاونراون."

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووتری گۆڕان، دەسەڵاتدارانی شارەکە بە تێکدانی ژینگەی سلێمانی تۆمەتبار دەکات و نوسیوویەتی: "زەوی سەوزاییەکانی سلێمانی و زەوی گشتیتان نەهێشت لە شاردا"، بەو مانایەی زەوی و بەرزاییەکانی سلێمانی هەموو کرایە پرۆژە نیشتەجێبوون و داهاتەکەشی بۆ خەزێنەی یەکێتی یان بەرپرسانی ئەو حزبە دەڕوات.

سەرهەنگ فەرەج لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە سلێمانی و ئازادییەکان دەکرێت، تەنها لەلایەن کوڕانی تاڵەبانی دەکرێت و دەڵێت: "ئێوە نەبێت کەس حەدی نییە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خاک و خەڵک و مێژووی ئەم شارەدا بکات."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەم پەرلەمانتارەی پێشووتر گۆڕان بە قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "ئەم نمایشە ڕاگرن و چیتر ئەم کارانە مەکەن، چونکە دیارە دۆخی سلێمانی چۆنە."

ئەم هێرشە توندەی سەرهەنگ فەرەج لە کاتێک دایە، کە ماوەی 259 رۆژە دەستبەسەر کەناڵی زووم و ستۆدیۆکانی دا گیراوە و تاوەکو ئێستاش، کورانی تاڵەبانی و دەسەڵاتدارانی سلێمانی ئامادە نین کەلوپەلە و ئۆفیسەکانی کەناڵی زووم ڕادەست بکەنەوە، جگەلەوەی چەندین رۆژنامەنووس دەستگیرکراون، کە دواینیان ژنە رۆژنامەنووسێکی حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانییە بە ناوی سەیران هاوژین.

11 ئایار 2026 13:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026