وەزارەتی پێشمەرگە: پلەی 2,364 ئەفسەر بەرز دەکرێتەوە
دوای تەواوکردنی رێکارەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەکان کرد.
واژۆ لەسەر بەرزکردنەوەی پلەی زیاتر لە دوو هەزار ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەی دوو هەزار و 364 ئەفسەری وەزارەتەکەی کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، دڵنیایی بەو ئەفسەرانە دەدرێت، کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە و لیستی ناوەکانیان بڵاودەکرێتەوە.
وەزیری پێشمەرگە لەلای خۆیەوە ڕایگەیاندووە: "بڕوای تەواومان وایە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن."