پایتەخت

لیندسی گراهام بۆ ترەمپ: کاتی ئەوە هاتووە هەڵوێستت بەرامبەر بە ئێران بگۆڕی

لیندسی گراهام بۆ ترەمپ: کاتی ئەوە هاتووە هەڵوێستت بەرامبەر بە ئێران بگۆڕی
کورتە

لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا لەسەر کاردانەوەی ترەمپ بەرامبەر بە وەڵامەکەی ئێران هاتە دەنگ و پێشنیازی نوێی هەیە.

سیناتۆرێکی ئەمریکا داوا لە ترەمپ دەکات نەرمی بەرامبەر بە ئێران نەنوێنێت و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش دەکات.

لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: "هەوڵە جدییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕژێمی "تیرۆرستی" ئێران بە نرخن، بەڵام بەهۆی هێرشی وڵاتەکە بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان، هێرشە بەردەوامەکانییان بۆ سەر وڵاتە هاوپەیمانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وەڵام 'قبووڵ نەکراوەی' بۆ پێشنازەکەی ئەمریکا ناردوویانە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕەچاوی گۆڕینی هەڵوێستمان بکەین."

ئەم سیناتۆرەی ئەمریکا ئاماژەی بە پڕۆژەی ئازادکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کرد (کە لە ئێستادا بەهۆی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دانوستان، وەستێندراوە)، گووتی: "پڕۆژەی ناسراو بە "ئازادی پڵەس" لە دۆخی ئێستادا "پێدەچێت بە تەواوی گونجاو بێت".

 لە درێژەی پۆستەکەیدا، لیندسی گراهام جەختی کردەوە، کە هەڵوێستی ئێران بۆ لەناونەبردنی سەرجەم وێستگەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم وەک بەشێک لە مەرجی دانوستان هیچ مانادار نییە. گووتشی: "یادشتە 14 خاڵییەکە، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی وێستەگەکان و توانای ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، وەک ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015ـی لێدێت."

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، تا دێت ئەگەری دانوستان لە نێوان ئەم دوو وڵاتە کەمتر دەبێتەوە و بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، پلانێکی دەستپێکردنەوەی هێرش بەر لە دەستپێکی مۆندیالی 2026 هەیە، پێشبینی دەکرێت هێرشێکی کورت و چارەنووسساز بێت، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە تێکشکاندنی پێگەی سەربازیی ئێران و ناچارکردنییەتی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگیی تەواوی سەربازی و هەواڵگریی نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتن جێبەجێ دەکرێت.

11 ئایار 2026 11:23
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026