میدیاکانی ئیسرائیل: پێش دەستپێکردنی مۆندیال هێرش دەکرێتە سەر ئێران
ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەیە بەر لە دەستپێکی مۆندیال لە مانگی 6، هێرش بکەنەوە سەر ئێران.
میدیاکانی ئیسرائیل پلانێکی سەربازیی هاوبەشیان ئاشکرا کرد کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر تاران ئامادە کراوە، ئەم پلانە وەک دوایین بژاردە سەیر دەکرێت لە ئەگەری شکستهێنانی تەواوەتی دانوستانە سیاسییەکان.
ئیال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی دەستبەجێ دان بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی I24 NEWS سوپای ئیسرائیل چەند هەفتەیەکە لەم دۆخەدایە، هەرچەندە ئەم هەفتەیە بەهۆی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی چین هیچ کردەوەیەک ڕوونادات، بەڵام ئەگەری دەستپێکردنی هێرشەکە لە 11ی حوزەیرانی 2026 پێش دەستپێکردنی مۆندیالە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، پلانەکە بۆ هێرشێکی کورت و بەئازار داڕێژراوە، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە تێکشکاندنی پێگەی سەربازیی ئێران و ناچارکردنییەتی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگیی تەواوی سەربازی و هەواڵگریی نێوان تەلئڤیڤ و واشنتن جێبەجێ دەکرێت.
ئەم ئامادەکارییانە هاوکاتن لەگەڵ ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی تاران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، کۆشکی سپیش وەڵامەکەی تارانی بە نەرێنی و ناتەواو وەسف کردووە، ئەمەش ئومێدەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەم کاتەدا لاواز کردووە.