پایتەخت

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت: ڤیتۆی ئێران ڕێگە لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەگرێت

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت: ڤیتۆی ئێران ڕێگە لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەگرێت
کورتە

ئێران نایەوێت عێراق داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات و دووبەرەکی لە نێوان نوێنەرانی پەرلەمان دروست کردووە.

ڤیتۆی ئێران، کە ئامانج لێی رێگریکردنە لە دورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی عێراق، بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت.

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق تەگەری تێکەوتووە و  بەهۆی ڤیتۆی ئێرانەوە، پڕۆسەکە تووشی چەقبەستوویی بووەتەوە.

هەر بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، لەئێستادا ئەو لایەنانەی پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن، ژمارەیەن گەیشتووەتە 80 نوێنەر لە پەرلەمان، بەڵام بەشەکەی دیکە لایەنگرانی ئێرانن و بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە گرووپە چەکدارەکان لە چەک دابماڵارێن، بۆیە بە "مەحاڵی دەزانن" ڕێگە بە پێکهێنانی حکومەتەکەی  عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو بدەن.

هاوکات تاران داوای لە لایەنەکانی نێو "چوارچێوەی هەماهەنگی" کردووە دەنگ بە هیچ حکومەتێک نەدەن، کە هەژموون و پێگەی هاوپەیمانەکانی ئێران لە نێو دەوڵەت لاواز بکات.

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناکاو سەردانی بەغدای کردووە و پێشبینی دەکرێت سەردانەکەی یان بۆ نەهێشتی ئەو چەقبەستووییەی کە لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت دروستبووە، یان بۆ گەیاندنی ڤیتۆی ئێران لەبەرامبەر پێکهێنانی حکومەتەکەی  عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدراو بە بەرپرسانی عێراق هاتووە، چونکە بەبێ ئەم هۆکارانە، "هیچ پێویست نەبوو ئیسماعیل قائانی لەم کات و ساتەدا" سەردانی بەغدا بکات.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر  ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمریکا داوای لە عەلی زەیدی کردووە، کە مەرجی ناردنی داهاتی نەوتی عێراق لە لە نێو هەژماری بانکی یەدەگی فیدڕاڵی نیویۆرک و دەستپێکردنەوەی هاوکاری ئەمنی بۆ عێراق، بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان پەیوەستە.

11 ئایار 2026 09:29
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026