پایتەخت

عێراق بۆ کوردستان: ئەم هاوینە کارەبامان پێبدەن

عێراق بۆ  کوردستان: ئەم هاوینە کارەبامان پێبدەن
کورتە

وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ تێپەڕاندنی گەرمای ئەمساڵ گفتوگۆکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێکردووەتەوە

 

وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ تێپەڕاندنی وەرزی گەرمای ئەمساڵ گفتوگۆکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێکردووەتەوە بە مەبەستی کڕینی کارەبا، ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە عێراق بەدەست کورتهێنانێکی گەورەی وزەوە دەناڵێنێت.

 

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران)، پرۆسەی کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ڕاوەستاوە، پێشتر عێراق ڕۆژانە بڕی 1200 بۆ 1800 مێگاوات کارەبای لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕی، بەڵام ئێستا ئەو بڕە گەیشتووەتە سفر.

 

گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد، بەرهەمی ئێستای کارەبای عێراق تەنیا 18 هەزار مێگاواتە، هۆکارەکەشی بۆ نۆژەنکردنەوەی وێستگەکان و کەمبوونەوەی غازی هاوردەکراو و نیشتمانی گەڕاندەوە، بەڵام دڵنیایی دا کە تا پێش هاوین بەرهەمەکە دەگەیەننە 30 هەزار مێگاوات.

 

سەرباری هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەم عێراق ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکی گەورە دەبێتەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت لە هاویندا خواستی هاوڵاتیان بۆ کارەبا بگاتە 60 هەزار مێگاوات، ئەمەش دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە وەزارەت پلانی هەیە بەرهەمی بهێنێت.

10 ئایار 2026 20:13
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026