ڕووسیا توانای سەربازیی ئێران بنیاد دەنێتەوە
ڕووسیا دەستی کردووە بە دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی سەربازی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، ڕووسیا دەستی کردووە بە دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی سەربازی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، مۆسکۆ لە ڕێگەی دەریای قەزوینەوە پێکهاتە و پارچەی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی ڕەوانەی تاران کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکی بەستووە ئاماژە بەوە دەدەن، کە ئەم هەنگاوەی ڕووسیا لە چوارچێوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدایە و ئامانج لێی هاوکاریکردنی ئێرانە بۆ دووبارە بنیادنانەوە و بەهێزکردنی تواناکانی لە بواری پیشەسازیی سەربازی و درۆندا.
ئەم هاوکارییانە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پەرەسەندنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران لە زیادبووندایە و واشنتن بە وردی چاودێری گواستنەوەی ئەو کەرەستانە دەکات کە لە ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەریای قەزوینەوە ئەنجام دەدرێن.