دژە تیرۆری عێراق: دەستمان بەسەر دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی داعش گرت
دەست بەسەر دوو کۆگای چەک و تەقەمەنی داعش دا گیرا
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای دژە تیرۆری عێراق ڕایگەیاند، مەفرەزە ئەمنییەکانی دەزگاکەمان، بە هاوکاری زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی بەردەوام، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا توانییان دەست بەسەر دوو کۆگای چەک و تەقەمەنیدا بگرن لە زنجیرە چیاکانی حەمرین لە سنووری نێوان پارێزگاکانی سەلاحەددین و کەرکووک."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی دژە تیرۆر حەشارگەیەکی پاشماوەکانی داعشیان لە قەزای مەندەلی لە پارێزگای دیالە پشکنیوە و تێکیان داوە، کە چەندین مادەی تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی و کۆگایەکی تری تەقەمەنی تێدابووە.
هاوکات جگە لە دەستبەسەراگرتنی ئەو چەک و تەقەمەنییانە، دەرکەوتووە کە چەکدارانی داعش پێداویستی رۆژانەیان لەو حەشارگانەدا داناوە، لەوانە جێگەی نوستن، ئامێری چێشتلێنان، بەهارات و هەموو ئەو پێداویستییانەی بۆ مانەوەی درێژخایەنیان لەو ناوچانەدا بەکاریان هێناوە.
لە کۆتاییدا دەزگای دژەتیرۆر دەشڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی داعش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوام دەبن".