لە زاخۆ 10 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشک بۆ دابەشکردنی 10 هەزار پارچە زەوی دەکرێت
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشک بۆ دابەشکردنی 10 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 10 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو سنوورە دابەش دەکرێت، و مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی زەوی هەبوونی زیاتر لە 8 ساڵ خزمەت و سوودمەندنەبوونی پێشوەختەیە لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو.
گوهدار شێخۆ ئاشکرای کرد، کە نزیکەی 13 هەزار فەرمانبەر لە سنوورەکەدا مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، تا ئێستاش وردبینی بۆ ناوی 7 هەزار فەرمانبەر تەواو بووە، هاوکات ناوبراو جەختیشی کردەوە کەوا پلانیان هەیە بۆ هەموو ئەو 13 هەزار فەرمانبەرە زەوی دابین بکەن، و زەوییەکانیش هەمووی لە سەنتەری قەزای ناوەندیی زاخۆ دەبن.
سەبارەت بە شێوازی تیروپشکەکە، ئیدارەی زاخۆ داوا لە فەرمانبەران دەکات سەردانی شارەوانی نەکەن، بەڵکو پرۆسەکە لە ڕێگەی نوێنەری فەرمانگەکان و بە شێوەی ڕاستەوخۆ (پەخشی زیندوو) بەڕێوەدەچێت بۆ دڵنیابوونەوە لە دادپەروەری و شەفافییەت، تیروپشکەکان هەفتانە یەک بۆ دوو جار ئەنجام دەدرێن تاوەکو کۆتایی بە دابەشکردنی هەموو زەوییەکان دێت.