ڕۆژنامەی تێلیگراف: تیرۆرکردنی سەرۆکی کۆریای باکوور کۆتایی جیهانی بەدواوە دێت
کیم جۆنگ ئوون جیهان دەخاتە بەردەم مەترسیی ئەتۆمی و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات.
کۆریای باکوور هەنگاوێکی بێ پێشینە دەنێت و دەستووری وڵاتەکەی بە جۆرێک هەموار دەکاتەوە، کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی پەیوەست دەکات بە "مانەوەی ڕێبەرەکەی"، ئەم گۆڕانکارییە ترسناکە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەدا دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تێلیگراف، لە دەقە نوێیەکەی دەستووری کۆریای باکووردا هاتووە: "ئەگەر سیستەمی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی هێزە ئەتۆمییەکانی دەوڵەت بەهۆی هێرشی دوژمنەوە بکەوێتە مەترسییەوە، دەبێت دەستبەجێ و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هێرشی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت، ئەمە بەو مانایەیە، کە ئەگەر کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی وڵاتەکە تیرۆر بکرێت یان سیستەمی بڕیاردانی وڵاتەکە پەکبخرێت، مووشەکە ئەتۆمییەکان بێ گەڕانەوە بۆ فەرمانی مرۆیی دەتەقێندرێن.
شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە کۆریای باکوور کەوتووەتە ژێر کاریگەریی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کیم جۆنگ ئوون بەم هەنگاوە دەیەوێت پەیامێک بداتە جیهان کە تیرۆرکردنی ئەو کۆتایی جیهانی بەدوادا دێت.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی کۆریای باشوور (NIS) بە فەرمی بەرپرسانی وڵاتەکەی لەم نوێکارییە ئاگادار کردووەتەوە، هەموارەکە لە میانی کۆبوونەوەی (کۆمەڵەی باڵای گەلی کۆریای باکوور) لە کۆتایی مانگی ئازاردا پەسەند کراوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ هەڕەشە دەرەکییەکان و پاراستنی "سەروەریی ڕەهای ڕێبەر" لە قەڵەم دەدرێت.