ڕێباز حەملان: سەرۆک بارزانی و پارتی هەمیشە ئامادەییان نواندووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
ڕێباز حەملان چوار هەڵوێستی مێژوویی سەرۆک بارزانی دەخاتە ڕوو و هۆشداری دەداتە یەکێتی
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک "مەرجەعی نەتەوەیی" و ئاماژە بە چوار وێستگەی گرنگ دەکات کە تێیدا سەرۆک بارزانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی لە پێش پۆست و بەرکەوتەکانی پارتی داناوە.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ لەبەر خاتری مام جەلال، سەرۆک بارزانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داوەتە یەکێتی. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ بە "وپەڕی ئیرادەوە" بەرگری لە مانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد و شەخسی مام جەلال کردووە. لە ساڵی ٢٠١٤شدا، سەرەڕای ئەوەی گۆڕان تەنها ٩ کورسی هەبووە، لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی داوەتە ئەو بزووتنەوەیە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نوێترین هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ بووە، کە تێیدا پێشنیاری کردووە پۆستێکی وەزیری کورد لە کابینەکەی عەلی زەیدی بدرێتە کەسایەتی سەربەخۆ "سەردار عەبدوڵڵا"، کە ئەم پۆستەش لە پشکی پارتی دەبێت.
ڕێباز حەملان هۆشداری دەدات کە پێویستە هەفتەی داهاتوو هاوکات لەگەڵ کابینە نوێیەکەی بەغدا، لە هەرێمیش کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت. ناوبراو داوا لە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی دەکات ڕێز لە پرنسیپی دیموکراسی بگرن و دەڵێت: "هەر لایەک بیەوێت بە پشتیوانی نەیاران خۆی بسەپێنێت، سەری دەدات لە چیای سەفین."