تاران پێشنیازەکەی ئەمریکا تاوتوێ دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: وەڵامی ئێمە بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ژێر تاوتوێ کردن دایە
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ئەمریکایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی، هەر کاتێکیش بڕیاری لێدرا بۆ ڕای گشتی ئاشکرای دەکەن.
بەپێی لێدوانێکی بەقایی بۆ ئاژانسی "تەسنیم"، هێرشەکەی شەوی ڕابردوو وەک پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنی ئاگربەست وەسف کرد. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: "هێزە بەرگریکارەکانی وڵاتەکەیان زلەیەکی بەهێزیان لە دوژمن داوە و بە هەموو توانایەکەوە ڕووبەڕووی شەڕانگێزییەکان بوونەتەوە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای مەیدانی، بەقایی وتی: "ئێمە لە دۆخی ئاگربەستداین، بەڵام هێزە چەکدارەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن. لە هەر شوێنێک پێویست بێت، بە تووندی وەڵامی هەر دەستدرێژی و سەرکێشییەک دەدەینەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا دەربارەی دانوستانەکان، جەختی کردەوە کە پڕۆسەکە بەردەوامە و گەیشتوونەتە قۆناغی بڕیاردان، وتیشی: "کاتێک گەیشتینە ئەنجامی کۆتایی، بە دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنین."