تۆم باراک: ئیسرائیل و سووریا لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

شەڕی 7 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و سووریا کۆتایی هاتوو و بە پشتیوانی ئەمریکا ئەم دوو وڵاتە گەیشتنە ڕێککەوتن
تۆم باراک: ئیسرائیل و سووریا لەسەر ئاگربەست رێککەوتن
دوای دەستوەردانی ئیسرائیل لە ململانێی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و دروزەکان و هۆزەکانی بەدەوی لە پارێزگای سوەیدەی باشووری سووریا ئاگربەست ڕاگەیەندرا.
ئەمڕۆ شەممە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بە پشتیوانیی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە مارکۆ رۆبیۆ، لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون کە لەلایەن تورکیا، ئوردن و دراوسێکانیانەوە پێشوازیی لێکراوە و رێککەوتنەکەی بە "پێشهاتێکی گەورە" ناوبرد.
تۆم باراک، داوا لە درووزەکان، بەدەوییەکان و سوننەکان دەکات چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە لەگەڵ کەمینەکانی دیکەدا، ناسنامەیەکی نوێ و یەکگرتوویی سووری لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا لەگەڵ دراوسێکانیان بنیات بنێن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 13ـی ئەم مانگەدا، لە سوەیدا شەڕ لە نێوان بەشێکی گرووپە چەکدارەکانی درووزەکان و هۆزە دەشتەکییە سوننە مەزهەبەکان (کە لەلایەن سوپای سووریا پاڵپشتی دەکرێن) دەستیپێکرد، لە وەڵامدا ئیسرائیل (لەپێناو پاراستنی درووزەکانی ئەو وڵاتە) هێرشێکی چڕی کردە سەر دیمەشق و هێزە ئەمنییەکانی سووریای لە باشووری وڵاتەکە بە ئامانج گرت، داوای کرد دەستبەجێ ناوچەکە بەجێ بێڵن، تاوەکو ئێستا ئێستا 718 کەس کوژراون.