پەیامێک لە پایتەخت میدیاوە بۆ ڕای گشتیی کوردستان
پایتەخت میدیا ئازادکردنی جووتیار ڕەسووڵی پەیامنێر ڕادەگەیەنێت و پەیامێک لەسەر هەڵوێستی دەزگا و ڕاگەیاندکارەکان بۆ ڕای گشتی دەخاتەڕوو.
پەیامنێرمان جووتیار رەسووڵ دوای زیاتر لە 52 کاتژمێر لە ڕفاندن و دەستگیر کردن، ئێوارەی ئەمڕۆ لەژێر فشار لە لایەن ئاسایشی گشتی یەکێتی بە کەفالەت ئازاد کرا و ئێستا گەیشتووەتەوە ناو خێزانەکەی لە قەڵادزی.
خۆشبەختانە باری تەندروستی جێگیرە، هەرچەندە شێوازی ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی شوێنەواری دەروونی نەرێنی لەسەر خۆی و خێزانەکەی جێهێشتووە.
ئازادکردنی دڵخۆشکەرە و شادبوونەوەی کاک جووتیار بە باوەشی خێزانەکەی و هاوکارانی تاکە خواست و ئاواتی ئێمە بوو. پێش هەموو لایەکیش سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە لەسەرەتای ڕووداوەکەوە هاوکارمان بوون، بەڵام جارێکی تر نیگەرانی قووڵی خۆمان دووپات دەکەینەوە لەبارەی شێوازی ڕفاندنی و نەبوونی هیچ هۆکارێک بۆ دەستگیرکردنی.
ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، خزمەت بە پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان ناکات، جێگەی دڵخۆشییە لە ساڵانی ڕابردوودا کاری میدیایی هاوشانی وڵاتانی پێشکەوتوویی جیهان گەشەی کردووە، پێویستە هەموومان دەستی پێوە بگرین و شانازی پێوە بکەین، نەوەک لەمپەری بۆ دروست بکەین و ئەو ئەزموونە جوانە لەکەدار بکەین.
بۆیە جارێکی تر بانگەواز ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بکەن نەوەک وەکو تاوانکار.
دووپاتی دەکەینەوە جووتیار ڕەسووڵ تەنیا ئەرکی پیشەیی خۆی جێبەجێ کردووە و هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی نەبووە، داواش دەکەین کەیسەکەی بە یەکجاری دابخرێت و چیتر ڕێگری یاسایی و ئەمنی بۆ دروست نەکرێتەوە.
وەک پایتەخت میدیا سوپاسی پشتیوانی سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، لایەنە سیاسییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دەستەی مافی مرۆڤ، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوەکانی تری ڕۆژنامەوانی، سەرجەم ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان دەکەین ئەوانەی هەڵوێستیان دەربڕی، سوپاسێکی بێپایان بۆ پاڵپشتی و خەمخۆرییان، ئەم پشتیوانییە پیشەییە هێزێکی گەورەی بە ئێمە و خانەوادەی پەیامنێرمان بەخشی.
پایتەخت میدیا
2026/4/30