عەلی زەیدی داواکاری کام لایەن قبووڵ دەکات؟
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدرراوی عێراق کەوتووەتە تەنگەشەیەکی سیاسی ئاڵۆز و لەلایەن گرووپە میلیشکان و ئەمریکاوە فشاری لێ دەکرێت.
عەلی زەیدی لەلایەن و ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دوو داواکاری جیاوازی لێکراوە و بەرپرسێکیش هۆشداری لە ڕازیکردنی هەردوولای پێدەدات.
دوێنێ شەو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە فەرمی بانگێشتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێدرراوی عێراقی بۆ واشنتن کرد، ئەمەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە ستراتیژییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و چۆنییەتی پەرەپێدان، بەهێزکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا، تەئکیدکردنەوەی کاری هاوبەش و هاوکاری دوولایەنە بۆ پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرا.
دوای ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، ڕادیۆی نێودەوڵەتی مۆنتی کارلۆ بڵاویکردەوە، گرووپی میلیشای سەید شوهەدا (کە لە نێو لیستی سزاکانی ئەمریکادایە) لە نامەیەکدا داوای لە عەلی زەیدی کردووە هەردەم لەگەڵ ئێران لە هاوپەیمانیدا بمێنێتەوە و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشاکان ڕەت بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمریکا چاودێری پڕۆسەی کارەکانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات بۆ سنووردارکردنی چەک لە وڵات و خستنە ژێر ڕکێفی حکومەت، هەڵوەشاندنەوەی میلیشاکان و ڕێگریکردن لە عێراق لە هاوکاریکردنی ئێران.
هاوکات ئوسامە نوجێفی، ئەمینداری گشتیی پارتی موتەحیدوون هۆشداری بە عەلی زەیدی داوە لە گرتنەبەری سیاسەتی "هاوسەنگکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا"، چونکە ئیدارەی ترەمپ ئەمە "قبووڵ ناکەن."
سەید شوهەدا، گرووپێکی چەکداری و سیاسیی شیعەیە بە سەرۆکایەتی وەلا وەلائی لەژێر چەتری حەشدی شەعبی کاردەکەن. ئەم گرووپە لەلایەن نەیارەکانیانەوە بە نزیکی لە ئێران تۆمەتبار دەکرێن، لە شەڕی نێوخۆی سووریاش هاوشانی سوپای سووریا شەڕیان کردووە و بەرگرییان لە حکومەتی سووریا کردووە.