لەمڕۆوە بۆ بەردەوامبوونی جەنگ ترەمپ دەبێت ڕەزامەندی لە کۆنگرێس وەربگرێت
ترەمپ هەوڵ دەدات خۆی لە ڕەزامەندی کۆنگرێس بدزێتەوە و بەتەنیا بڕیار لە درێژکردنەوە و کۆتاییهێنانی جەنگ بدات.
وادەی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا بەپێی یاسایەکی ساڵی 1973 کۆتایی هاتووە و چیتر سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس بڕیار بدات.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەو ئاگربەستەی کە لە سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵ لە نێوان ئەمریکا و ئێران کرا، شەڕ و پێکدادانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بە تەواوی "کۆتایی پێهێناوە" و تا ئێستا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوانیاندا ڕووی نەداوە.
هەر بە گوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ئەمڕۆ ترەمپ ڕووبەڕووی "دوا وادە" بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ یان درێژکردنەوەی بووەتەوە (ئەمەش لەسەر ڕەزامەندی کۆنگرێس).
بەگوێرەی یاسایەکی ساڵی 1973ـی جەنگ، ڕێگە بە سەرۆکی ئەمریکا دەدرێت تەنیا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ جەنگ هەڵبگیرسێنێت و دوای ئەم وادەیە، بۆ بەردەوامبوونی جەنگ دەبێت داوا لە کۆنگرێس بکات یان داوای 30 ڕۆژ دواخستنی "دوا وادەکە" بکات بە بیانووی "پێویستی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی" و "سەلامەتی هێزە سەربازییەکان."
ئێستا وادەی 60 ڕۆژەکە کۆتایی هاتووە و ترەمپ دوای 48 کاتژمێر لەم وادەیە، ئینجا بەشێوەیەکی فەرمی کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە، ئەمەش بە پێشێلکردن لە قەڵەم دەدرێت. پێشووتریش شیکەرەوان و هەندێک لە کۆنگرێسمانان پێشبینیان کردبوو، ترەمپ یان بۆ درێژکردنەوەی "دوا وادە"ـی جەنگ داوای دواخستنی 30 ڕۆژەکە دەکات یان بەبیانووی کۆتایی هاتنی جەنگ (لە ماوەی ئاگربەستەکە) داوایەکە پشتگوێ بخات.
دوێنێ پێنجشەممە، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە بەردەم ئەنجوومەنی پیران ڕایگەیاند، ئاگربەستەکە "دوا وادە"ـی 60 ڕۆژەکەی دواخستووە و هەر بەگوێرەی یاسای ساڵی 1973ـی جەنگ، ماف بە ترەمپ دەدرێت بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ئەم "دوا وادەیە" دوابخات.