ڕۆژنامەنووس جووتیار ڕەسوڵ بێسەروشوێنە
نیگەرانییەکان لەبارەی بێسەروشوێنبوونی ڕۆژنامەنووس جووتیار ڕەسوڵ زیاد دەکەن
زیاتر لە 24 کاتژمێرە پەیوەندی بە ڕۆژنامەنووس (جووتیار ڕەسوڵ)، پەیامنێری دامەزراوەی "پایتەخت میدیا" پچڕاوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە. ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی نیگەرانی لای خێزانەکەی، ناوەندە میدیاییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان دروست کردووە.
لە کاردانەوەی ئەم بێسەروشوێنبوونەدا، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زووترین کات چارەنووسی ئەم ڕۆژنامەنووسە ئاشکرا بکەن. هاوکات دامەزراوەی "پایتەخت میدیا" داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و هاووڵاتییان دەکات هەر زانیارییەکیان لەسەر شوێنبزرکردنی ناوبراو هەیە، پێیان ڕابگەیەنن.
بەپێی زانیارییەکان، جووتیار ڕەسوڵ کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی 28ی نیسان، لە ماڵەکەی خۆی لە دەڤەری ڕاپەڕین چووەتە دەرەوە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە.
جووتیار ڕەسوڵ، یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە بە ئەزموونەکان، دوای ساڵانێک کارکردن لە سلێمانی، بە مەبەستی چاودێریکردنی دایکی گەڕابووەوە بۆ قەڵادزێ و لەوێوە بەردەوام بوو لە کارە میدیاییەکانی. تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر ئەم کەیسە بڵاونەکردووەتەوە.