واشنتن پێشنیازە نوێیەکەی ئێران تاووتوێ دەکات
کێشەی ئەتۆمی دەبێتە بەربەست لەبەردەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز
لەگەڵ چوونە نێو سێیەم هەفتەی ئاگربەست و وەستانی جەنگ، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران جارێکی تر بووەتەوە بە چەقی ململانێ دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و واشنتن. بەپێی دوایین پێشهاتەکان، ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی ئێرانە کە باس لە ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز دەکات، لە بەرامبەر دواخستنی گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی 'الشرق الأوسط' لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گومانی لە پێشنیازەکەی تاران هەیە. بەرپرسانی کۆشکی سپی بۆچوونیان وایە کە هەر ڕێککەوتنێک بێتە کایەوە، دەبێت پرسی چەکی ئەتۆمیی ئێران لە پێشینەی کارەکان بێت. لە بەرامبەردا، تاران داوای گەرەنتی دەکات دژی هەر هێرشێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی پێش ئەوەی هەنگاو بۆ جێگیرکردنی دۆخی کەنداو بنێت.
لە ئێستادا گەرووی هورمز کە شاخوێنبەری وزەی جیهانە، بەهۆی گەمارۆکانی هەردوولاوە پەکیکەوتووە. پەرلەمانی ئێران کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکات بۆ سەپاندنی باج بە دراوی "ڕیاڵ"ی ئێرانی و قەدەغەکردنی کەشتییەکانی ئیسرائیل؛ ئەمەش کاردانەوەی تووندی واشنتنی لێکەوتووەتەوە و مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادەن ئێران سیستمێکی تایبەت بە خۆی لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەدا بسەپێنێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای هەڵوەشاندنەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە پاکستان، سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبووەوە. مۆسکۆ پشتیوانیی خۆی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دەربڕیوە، بەڵام ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن و پاشەکشەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی 2015، هێشتا سێبەری قورسیان بەسەر ئاسۆکانی ئاشتییەوە ماوە.