مەرجەکانی ئێران بۆ کردنەوەی هورمز ئاشکرا دەبێت
تاران پەیامێکی تووندی ئاڕاستەی جیهان کرد؛ مەرجەکانمان ئەمانەن!
لە میانی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە تایبەت بوو بە پشێوییەکانی گەرووی هورمز، باڵیۆزی ئێران مەرجە نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە خستە ڕوو.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: تاران تاوەکوو گەرەنتیی 'باوەڕپێکراو' و 'نێودەوڵەتی' وەرنەگرێت دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ناتوانێت ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە کەنداو گەرەنتی بکات.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەروەریی ئێران هێڵی سوورە و هەر ڕێککەوتنێک دەبێت ڕێز لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی بگرێت.
ناوبراو واشنتنی بە ئەنجامدانی 'تیرۆری دەریایی' و 'چەتەگەری' تۆمەتبار کرد؛ بە گوتەی ئەو، ئەمریکا بە نایاسایی دەست بەسەر کەشتییە بازرگانییەکاندا دەگرێت و تاقمەکانیان وەک بارمتە ڕادەگرێت. نوێنەری ئێران گلهیی لەوە کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها سەیری کردارەکانی ئێران دەکات و چاوی لە ئاست گەمارۆ دەریاییە 'نایاساییەکانی' ئەمریکا دادەخات.
ئەم گرژییە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و هەوڵەکان بۆ کردنەوەی شاخوێنبەری ئابووریی جیهان (گەرووی هورمز)، بەهۆی نەبوونی متمانەی نێوان تاران و واشنتنەوە گەیشتوونەتە بنبەست.